بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، هێڵە ئاسمانییەکانی ئەوروپا گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ڕاگرت

میدیاکانی ئیسرائیل، ڕایانگەیاند، بەهۆی گرژییە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمپانیاکانی گەشتیاری ئەوروپی سەرجەم گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە هەڵوەشاندووەتەوە.

هەینی 23ـی کانوونی دووەمی 2026، کەناڵ 12ـی ئیسرائیل، بڵاویکردەوە، بە هۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی "کەی ئێڵ ئێم"ـی هۆڵەندی بۆ هەریەکە لە وڵاتانی ئیسرائیل، سعودیە و ئیمارات و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەڵوەشاندەوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێڵە ئاسمانییەکانی فەڕەنسا گەشتەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ و ناوچەکە هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی کردەوەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران زیاتر بوون. 

لەبارەی ڕەوشی ئاسمانی ئیسرائیل، میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە، وەکو ڕێکارێکی خۆپارێزی ئیسرائیل هیچ فڕۆکەیەکی لە ئاسمانی وڵاتەکەی نەهێشتووەتەوە، بە بێ ئەوەی هیچ ووردەکارییەکی دیکە لەمبارەیەوە بخەنە ڕوو. 

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، "هێزێکی گەورە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوات"، جەختی لەوە کردەوە، کە هەڕەشەی لێدانی بەهێزی لە ئێران کردووە ئەگەر لەسێدارەدان ئەنجام بدات.