سبەی مسته‌فا كازمی دەچێتە توركیا

توركیا و عێراق چه‌ند پرسێكی نێوانیان تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 – ھەولێر:

سبەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەچێتە توركیا. بە گوتەی پسپۆڕانی سیاسی مستەفا كازمی لەم سەردانەیدا پرسی ئابووری، بازرگانی، سیاسی و ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا تاوتوێ دەكات، شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان گوتی: پێشبینی دەكرێت پرسی ئەمنی، كە گرێدراوە بە پەكەكە لەسەر خاكی عێراق یەكێك بێت لەو دۆسیە گرنگانەی بەغدا و ئەنقەرە گفتوگۆی لەسەر بكەن.

كازمی بە كۆمەڵێك دۆسیەی ئابووری و بازرگانی و سیاسییەوە ئەمجارە لە بەغداوە روو دەكاتە ئەنقەرە، بەڵام ئەو دۆسیەیەی كە بەلای توركیاوە قابیلی گفتوگۆیەكی تێرو تەسەلە دۆسیەی ئەمنییە، بەتایبەت بوونی پەكەكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق و بە تایبەتی لەشەنگال. بەڵام ئەگەر بەغدا بیەوێت پرسی پەكەكە لەسەر خاكی عێراق لەسەر خواستی توركیا یەكلا بكاتەوە، پێناچێ بەبێ بەرامبەر ئەو خواستە جێبەجێ بكات.

تا ئێستا پەكەكە ئامادە نییە لە شنگال بكشێتەوە، ھەرچەندە ئەوە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رێككەوتوون لەسەر ئاساییكردنەوەی قەزاكە و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، بەڵام ھێشتا چاودێرانی سیاسی بە دووری دەزانن عێراق و توركیا بە ئاسانی لەسەر یەكلاكردنەوەی پەكەكە لەسەر خاكی عێراق رێككەون.

پەكەكە بە ھێزێكی نزیك لە ئێران ھەژمار دەكرێت، عێراقیش لەژێر ھەژموونی ئێران دایە، بۆیە ئەوەی بووەتە ھۆكاری ئەوەی بڵێن، عێراق ھیچ كات ئامادە نییە پرسی پەكەكە بۆ خاتری توركیا بەتەواوی یەكلا بكاتەوە، بەرژەوەندی ئێرانە كە خاڵی ھاوبەشی پەكەكە و حكومەتی عێراقە.

Fly Erbil Advertisment