ئاماژەی هێرشکردنە سەر ئێران لە بازاڕە داراییەکان دەرکەوت

سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران و زیادبوونی مەترسیی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکا، بووە هۆی شڵەژانی ئابووریی جیهان و کاریگەری لەسەر چەند کەرتێکی جیاواز دانا.

دیارترین کەرت کە کەوتە ژێر کاریگەری هەواڵی سەپاندنی سزای نوێ و جوڵەپێکردنی کەشتییە جەنگییەکان بە ئاراستەی ئێران، کەرتی وزە بووە، بەشێوەیەک؛ لە ماوەیەکی کەمدا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی خێرای تۆمارکرد.

نرخی نەوتی خاوی برێنت 3% بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و پێش داخرانی بازاڕە داراییەکان لە دەرەنگانی شەوی رابردوودا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 65 دۆلار و 88 سەنت.

لەدوای کەرتی وزە، کەرتی فڕۆکەوانی کەوتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو دۆخە و هەندێک لە کۆمپانیا دیارەکانی فڕۆکەوانیی ئەوروپا، گەشتەکانیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگرت.

کۆمپانیای ئایەر فرانس، هەموو گەشتەکانی بۆ دوبەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند؛ ئەو بڕیارە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە. بە هەمان شێوە کۆمپانیای (کەی ئێڵ ئێم) سەرجەم گەشتەکانی بۆ دوبەی، ریاز،  دەمام و تەلئەڤیڤ هەڵوەشاندەوە.

چەندین کۆمپانیای دیکەی بەریتانی و ئەڵمانی بە هەمان شێوە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵوەشاندووەتەوە و سەرجەمیشیان هۆکارەکەیان بۆ ئەگەری هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان گەڕاندووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ ئەگەر ئەمریکا پلانی هێرشکردنە سەر ئێرانی هەبێت لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەدا جێبەجێی دەکات، چونکە لەو دوو رۆژەدا بازاڕە داراییەکان داخراون و ئابووریی جیهان تووشی شڵەژان نابێت، بە تایبەت کە هێرشەکانی رابردوو لە پشووی بازاڕەکاندا ئەنجامدراون.