دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی گەیاندووەتە 30 هەزار لێقەوماوی حەلەب و حەسەکە

دەزگای خێرخوازی بارزانی
دەزگای خێرخوازی بارزانی

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ قەیرانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاپۆرتی چالاکییە مەیدانییەکانی خۆی لە پارێزگاکانی حەلەب و حەسەکە بڵاوکردەوە، کە تێیدا لە ماوەی نێوان 9 تا 23ـی کانوونی دووەمی 2026، توانیویەتی هاوکاریی بگەیەنێتە نزیکەی 30 هەزار کەس. 

ئەم هەڵمەتە کە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ئەنجامدرا، گەورەترین کاروانی لۆجستی و پزیشکی بوو کە لەم قۆناغەدا سنوورەکانی بەزاند بۆ گەیشتن بە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.

حەلەب و گەڕانەوەی ئاوارەکان
بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە 10ـی دەزگاکە، لە ماوەی 14 ڕۆژی کارکردندا لە حەلەب، 18,950 کەس کە 2,788 خێزان دەکەن، لە هاوکارییەکان سوودمەند بوون، چالاکییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە چڕ بوونەتەوە.

 دەزگاکە لە 12ـی کانوونی دووەمدا پێشوازی لە گەڕانەوەی زیاتر لە سێ هەزار خێزان کردووە بۆ ئەو دوو گەڕەکە، هەروەها لە 19ـی کانوونی دووەم پشتگیریی گەڕانەوەی 400 ئاوارەی لە تەبقەوە بۆ عەفرین کردووە. هاوکارییەکان پێکهاتبوون لە پارسێلی خۆراکی فریاگوزاری وەک نان، ئاو، خورما و بسکیت، لەگەڵ سەبەتەی خۆراکی مانگانە کە برنج، ڕۆن، ساوار، فاسۆڵیا، شەکر، نیسک و ئاردی تێدابوو.

ئۆپەراسیۆنی مرۆیی لە حەسەکە و ڕۆژئاوای کوردستان
لە پارێزگای حەسەکە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگەی دەروازەی فێشابوور (سێمالکا) کاروانێکی مەزنی گەیاندە ناوچەکە کە لە 67 بارهەڵگر و 160 کارمەند پێکهاتبوو، لەم قۆناغەدا 710 تۆن کەلوپەلی جۆراوجۆر کە 22 ئایتمی جیاواز بوون دابەشکران، تەنیا لە دوو ڕۆژی کۆتاییدا، 10,320 کەس (1,759 خێزان) لە حەسەکە و قامیشلۆ هاوکارییان پێگەیشت، یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکان، دابەشکردنی 100 هەزار لیتر سووتەمەنی (مازۆت) بوو بۆ ئاوارەکان کە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانییەوە تەرخانکرابوو، لەگەڵ دابینکردنی چادر، 1,606 دۆشەک، 4,300 بەتانی و سۆپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرما.

خزمەتگوزاریی پزیشکی و پاڵپشتی دەروونی
دەزگاکە لە ڕووی تەندروستییەوە، 4 ئەمبوڵانس و 25 کادیری پزیشکی لە ناوچەکە جێگیر کردووە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا پشکنین بۆ 685 نەخۆش ئەنجامدراوە و 1,738 پارچە دەرمان و پێداویستی پزیشکی دابەشکراوە، هاوکات تیمەکانی دەزگاکە خزمەتگوزاریی پاڵپشتی دەروونی-کۆمەڵایەتییان پێشکەش بە 1,529 کەس کردووە، بەتایبەت بۆ منداڵان، ئافرەتان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، جگە لەمانە، 1,029 کارتۆنی جلوبەرگ بۆ هەموو تەمەنەکان و 1,529 سەبەتەی پاکوخاوێنی کە پێداویستی مانگێکی خێزانێکی تێدایە، دابەش کراون.

هەماهەنگی و بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان
ئەم هەڵمەتە بە هاوبەشی لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، لەوانە LDS کە هاوکاریی 4,250 خێزانی کردووە، Peace Village بۆ هەزار منداڵ، Khalsa Aid بۆ 3,000 کەس و کۆمپانیای ZER بۆ 5,000 خێزان. 

هاوکارییەکان لە چەندین ناوەندی وەک قوتابخانەکانی (عەبدولمەسیح حیداری، عەزیز، شەهید هۆگر، سەقر قورەیش و مزگەوتی زین العابدین) لە قامیشلۆ و ناوچەکانی تر گەیەندراونەتە دەستی لێقەوماوان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکەمین ڕێکخراوی مرۆیی کە لە کاتی قەیرانەکاندا سنوورەکان دەبڕێت، لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکییان کەمکردنەوەی ئازارەکانی مرۆڤ و سارێژکردنی برینەکانە لە هەر شوێنێک کە ململانێ و ئاوارەیی تێدا بێت، دەزگاکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی داهات و سەرماوە، دۆخی ئاوارەکان لە سووریا زۆر ناسەقامگیرە و ئەوان بەردەوام دەبن لە گەیاندنی کۆمەکەکان بۆ پاراستنی شکۆی مرۆیی لێقەوماوان لە زێدی ڕەسەنی خۆیاندا.