شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: مەترسیی جینۆساید لە ڕۆژئاوا هەیە

ژمارەیەک لە شارەزایانی یاسای نێودەوڵەتی، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئەکادیمیشتە جیهانییەکان، لە یاداشتێکی بەپەلەدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، هۆشداریی توند دەدەن لە ئەگەری ڕوودانی پاکتاوی نەژادی و جینۆساید لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا .

لە یاداشتەکەدا کە ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2026 ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، واژۆکاران نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو هێرش و پەرەسەندنە سەربازییانەی دەکرێنە سەر ناوچە کوردییەکان. لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: ئەو هێرشانە تەنیا پێکدادانی ئاسایی نین، بەڵکوو پێشێلکاریی سیستماتیک و بەربڵاون کە تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی لەخۆدەگرن، بەتایبەت کە لەلایەن ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی گرووپەکانی سەر بە دیمەشقەوە بەڕێوەدەبرێن.

شارەزایان و چالاکوانان چوار داواکاریی بەپەلەیان خستووەتە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوانیش، سەپاندنی بڕیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هاووڵاتییان و پابەندبوونی تەواو بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، دامەزراندنی میکانیزمێکی بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و پێدانی زەنگی مەترسیی پێشوەختە، لە پێشینەدانانی پاراستنی هاووڵاتییانی کورد و کەمینەکانی دیکەی وەک درووز، ئێزدی، مەسیحی و عەلەوی، و دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ زامنکردنی پاراستنی کورد و پێکهاتەکان لە مەترسیی لەناوچوون.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا باجێکی ئێجگار گەورەی داوە لە شەڕی دژی داعش و پاراستنی ئاسایشی جیهان، بۆیە قبووڵکراو نییە کە ئێستا ڕووبەڕووی مەترسیی مان و نەمان ببنەوە لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە، لە کاتێکدا هەنگاوە نێودەوڵەتییەکان لاوازن.

دەشڵێن: مێژوو حوکم دەدات، نەک لەسەر ڕاگەیەندراوەکان، بەڵکوو لەسەر ڕێگریکردن لەو کارەساتانەی ڕوودەدەن و داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی (R2P) جێبەجێ بکات پێش ئەوەی کارەساتەکە بە تەواوی ڕووبدات.