چوارچێوەی هەماهەنگی: حکوومەتی داهاتوو پێویستە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەبێت

سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە رایگەیاند، نووری مالیکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بە دەنگدان لەنێو لایەنەکان یەکلایی کراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو پۆستی سەرۆکۆماریش یەکلایی نەبێتەوە کار لەسەر هۆشدارییەکانی ئەمریکا ناکەن. 

یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، رەحیم عەبودی، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دەستنیشانکردنی نووری مالیکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەنجامی گفتوگۆیەکی زۆری نێوان لایەنەکان بووە، هاوکات بە شێوەی دەنگدان لایەنەکان مالیکیان هەڵبژاردووە، ئاماژەی بەوەشکرد،"هەندێک لایەن وەکو رەوتی حیکمە و سادیقون دەنگیان بە نووری مالیکی نەداوە، بۆیە دەکرێت لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆن ببینین و هەندێک ناڕەزایەتیش هەبێت". 

عەبودی گوتیشی،" لە ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی هەندێک ئاڵنگاری لە رووی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەوە هەیە، بۆیە دەبێت حکوومەتێکی بەهێزمان هەبێت تاوەکو بتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات".

لە بارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە گوتی، "ئەوەی لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی باس دەکرێت تەنیا دوو کاندیدی کوردە، ئەوانیش فوئاد حوسێن لە پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی لە یەکێتی نیستمانی کوردستان، بەڵام گرنگە بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستە کوردەکان بە یەکدەنگی و یەکگرتووی بێنە پێش". 

سەبارەت بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا لە بارەی ئەو ناوانەی لە لیستێکدا رایگەیاندووە کە نابێت لە حکوومەتی داهاتووی عێراق بەشداری بکەن، رەحیم عەبودی گوتی،"ئەمریکا بۆچوونی لە بارەی یەکلایی کردنەوەی پۆستەکان دەبێت، بەڵام ئێمە خۆمان بڕیار لە سەروەری خۆمان دەدەین، هاوکات گوتیشی،"دوای ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی کرایەوە ئەو کات گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکەن لە بارەی حکوومەتی داهاتووی عێراق".