عێراق لیژنەیەکی باڵا بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە پێک دەهێنێت
ئەنجوومەنی وزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاری داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی هەمەلایەنە و پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنیی یەکگرتووی بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق دا.
ئەم هەنگاوە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی دۆسیە ئەمنییەکان و ڕاپێچکردنی تیرۆریستانە بۆ بەردەم دادگا تاوەکو سزای ڕەوای خۆیان وەربگرن.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەدا، بە وردی باس لە لایەنە ئەمنییەکانی گواستنەوەی چەکدارانی داعش کرا و جەخت لەسەر بڕیارەکانی پێشووی حکومەت کرایەوە بۆ گەڕاندنەوەیان.
ئەنجوومەنی وزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی دووپاتی کردەوە، ئەم بڕیارە تەنیا ڕەهەندێکی ئەمنیی هەیە و ئامانج لێی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە لە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەرەکی،هەروەها ئاماژە بە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرا بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسە هەستیارە.
حکومەتی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ، بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەرانبەر بەم دۆسیەیە هەڵبگرێت و هاوکار بێت لە چارەسەرکردنی پرسی زیندانیانی داعش لە سووریا، لیژنە ئەمنییە نوێیەکە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی هەموو قۆناغەکانی گواستنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوەکان و ئامادەکردنی دۆسیە یاساییەکانیانی لە ئەستۆ دەبێت، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لەوەی هیچ یەکێک لەو تیرۆریستانە لە سزا ڕزگاریان نابێت.
دۆسیەی زیندانەکانی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە هەزاران چەکداری توندڕەوی تێدایە، وەک یەکێک لە گەورەترین مەترسییە ئەمنییەکان بۆ سەر عێراق دەبینرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق هەمیشە ترسی هەبووە لە ئەگەری ڕاکردنی ئەو چەکدارانە یان هێرشکردنە سەر زیندانەکان وەک ئەوەی لە زیندانی پیشەسازیی حەسەکە ڕوویدا، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریا و ئەگەری تێکچوونی کۆنتڕۆڵی زیندانەکان، عێراق هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە تاوەکو بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، چەکدارە عێراقییەکان و ئەوانەی مەترسین بۆ سەر سنوورەکانی، بگەڕێنێتەوە و لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا دادگاییان بکات.