بەریتانیا پێشوازی لە کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ کۆبانێ و حەسەکە دەکات
ئان سنۆ، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا، پێشوازی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ هەردوو شاری کۆبانێ و حەسەکە دەربڕی و گەیشتنی یارمەتییە فریاگوزارییەکانی بۆ ئەو ناوچانە بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد.
سنۆ لە پەیامێکی ئێکسدا ئاشکرای کرد، هاوکارییەکانی بەریتانیا گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخی ناوچەکە هێشتا لەژێر هەڕەشەی جدی و مەترسیدایە.
نوێنەری بەریتانیا داوایەکی بەپەلەی لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد بۆ ئەوەی ڕێز لەو ڕێڕەوە مرۆییانە بگرن و بە کراوەیی بیانهێڵنەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، پاراستنی ئەم ڕێڕەوانە بایەخێکی چارەنووسسازی هەیە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنی یارمەتییەکان بەو کەسانەی کە پێویستییان پێیەتی، هەروەها بۆ ڕەخساندنی دەرفەت تاوەکو هاووڵاتییانی سڤیل بتوانن بە سەلامەتی ناوچە ئاڵۆزەکان جێبهێڵن.
کردنەوەی ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ کۆبانێ و حەسەکە دوای گوشارێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان دێت، کە بەهۆی گەمارۆ و پێکدادانەکانەوە هۆشدارییان لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی دەدا، بەریتانیا وەک یەکێک لە وڵاتە کاراکانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕۆڵ دەگێڕێت لە دابینکردنی کۆمەک و چاودێریکردنی دۆخی باکووری سووریا، ئەم پەیامەی ئان سنۆ نیشانەی پەرۆشیی لەندەنە بۆ جێگیرکردنی ئارامی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەبێ بەربەست دەگەنە دەستی لێقەوماوانی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی تری سووریا.