سەرۆک بارزانی و تۆم بەڕاک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگ و بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئەنجام دا.
لەم پەیوەندییەدا، هەردوولا بە وردی دۆخی سووریا و پەرەسەندنە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاگربەست و بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان کردەوە، بەتایبەتی بۆ شاری کۆبانێ کە ئێستا پێویستییەکی زۆری بە کۆمەکە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی سەقامگیری لە سووریا و ڕێگریکردن لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە ئەولەویەتەکانە، هەروەها لە تەوەری دووەمی پەیوەندییەکەدا، باسیان لە دۆخی سیاسیی عێراق کرد و تۆم بەڕاک هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە.
Productive phone call this evening with his excellency Masoud Barzani to discuss the situation in Syria and the importance of maintaining the ceasefire and ensuring humanitarian assistance to those in need, especially in Kobani. On Iraq, the U.S. position remains clear: a…
— Ambassador Tom Barrack (@USAMBTurkiye) January 26, 2026
تۆم بەڕاک جەختی لەوەش کردووەتەوە، حکومەتێک لەژێر هەژموونی ئێراندا بێت، نەک هەر ناتوانێت ئاواتەکانی هاووڵاتییان بەدیبهێنێت، بەڵکو دەبێتە بەربەست لەبەردەم دروستکردنی هاوبەشییەکی کاریگەر و بەهێز لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەم هەڵوێستە نیشانەی نیگەرانییە قووڵەکانی واشنتنە بەرانبەر بە پڕۆسەی سیاسی لە بەغدا و هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان.ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا لە کاتێکدایە کە عێراق و سووریا لەبەردەم گۆڕانکاریی سیاسیی گەورەدان و ململانێی نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان بۆ فەرزکردنی هەژموونی خۆیان گەیشتووەتە لوتکە، واشنتن لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەوە دەیەوێت پەیامی ڕوونی خۆی بگەیەنێت کە تەنها پشتگیری لەو حکومەت و لایەنانە دەکات کە سەربەخۆیی بڕیار و بەرژەوەندیی گەلەکانیان دەپارێزن و نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ.