لە ساڵێکدا 120 سزا بەسەر بانکە عێراقییەکاندا سەپێنراون
بانکی ناوەندیی عێراق لە سێ مانگدا 22 سزای بەسەر بانکەکاندا سەپاندووە و رایدەگەیەنێت: بەهۆی سەرپێچیکردنی رێنمایی و رێکارەکانی کارکردنی بانکەکان بووە.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند؛ لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025ـدا 22 سزا بەسەر بانکە عێراقییەکاندا سەپێنراوە و قەبارەی دارایی سزاکان 34 ملیار و 416 ملیۆن دینار بووە.
کۆتا مانگی ساڵی رابردوو، زۆرترین سزا بەسەر بانکەکاندا سەپێنراوە، بەشێوەیەک؛ 13 سزا بووە، بەهای ئەو سزایانە زیاتر بووە لە 18 ملیار دینار.
بەشێوەیەکی گشتی، لە ساڵی رابردوودا 120 سزای دارایی بەسەر بانکە عێراقییەکاندا سەپێنراوە، ئەو سزایانە زۆربەی لە چارەگی یەکەمی ساڵەکە بووە.
سەپاندنی سزا بەسەر بانکەکاندا یەکێکە لە میکانزیمەکانی بانکی ناوەندیی بۆ پابەندکردنی بانکەکان بە رێنماییەکان، زۆربەی سەرپێچییەکانی پەیوەندییان بە سپیکردنەوەی پارە هەبووە.
لە عێراق 74 بانکی جیاواز هەن، ئەو بانکانە چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، سەرجەمیان لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندیدان و دەبێت پابەندی یاسا و رێنماییەکانی بانکەکە بن.