زەنگی چوونە ژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، زەنگی چوونە ژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا بۆ ئەوەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەست پێبکات.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەمێک پێش ئێستا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێێدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی داوایان کردووە دانیشتنی ئەمڕۆ دوابخرێت.

ماوەی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەپێی دەستوور سبەی چوارشەممە، کاتژمێر 12 کۆتایی دێت. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ دانیشتنەکە بکرێت و بەڵام رێژەیی یاسایی تەواو نەبێت، ئەوە کۆبوونەوەکە دوادەخرێت، ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی زانیارییەکان رێککەوتن کراوە دانیشتنی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.

گوتیشی: فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریانداوە بەشێک لە پەرلەمانتارانیان بچنە ژوورەوە بەشەکەی دیکە نەچنە ژوورەوە، بەڵام فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی بەشداری دانیشتنەکە ناکەن. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە دوابخرێت و رێککەوتنێک بکرێت.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە دوای 2003، عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و لایەنە کوردستانییەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدیان بۆ پۆستەکە هەیە.

هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق

1-پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ساز دەکات، بۆ ئەوەی دانیشتنەکە یاسایی بێت، پێویستە رێژەی یاسایی ئامادەبوون، واتە دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان (219 پەرلەمانتار) ئامادەبن.

2- گەڕی یەکەمی دەنگدان، لە گەڕی یەکەمدا، کاندیدێک بۆ ئەوەی بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمان هەیە (219 دەنگ). ئەمەش بەپێی ماددەی 70ی دەستووری عێراقە.

3- گەڕی دووەمی دەنگدان (ئەگەر پێویست بوو) ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، ئەوا کێبڕکێیەکە دەچێتە گەڕی دووەم، لەم گەڕەدا، تەنیا ئەو دوو کاندیدە رکابەری دەکەن کە لە گەڕی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە گەڕی دووەمدا، ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

4- سەرۆکی هەڵبژێردراو، دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا، وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق ڕادەگەیەنرێت و سوێندی دەستووری دەخوات بۆ دەستبەکاربوون.

کاندیدانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بریتین لە: 

18 کاندیدەکەی دیکە بریتین لە: 

1-د. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی عەلیاوەیی

2-فوئاد محەممەد حوسێن بەکی

3- نزار محەممەد سەعید محەممەد

4-شوان حەوێز فەریق نامیق

5- ئەحمەد عەبدوڵڵا تۆفیق ئەحمەد

6-حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری

7-نەجمەددین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا

8-ئاسۆ فەرەیدوون عەلی

9- سامان عەلی ئیسماعیل شاڵی

10- سەباح ساڵح سەعید

11-ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین هەلیوی

12-سەردار عەبدوڵڵا مەحموود

13-موسەننا ئەمین نادر

14- خالید سدیق عەزیز محەمەد

15-ئازاد مەجید حەسەن

16-رافع عەبدوڵڵا حەمید موسا

17-سالم حەواس عەلی ساعدی

18-لەتیف محەممەد جەمال رەشید