مەڕاسیمی رێزلێنان بۆ چوار خۆشنووسی شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وێژەیی، بە هاوکاری پارێزگای هەولێر، لە چوارچێوەی چالاکییەکانیاندا، مەڕاسیمی رێزلێنان بۆ چوار خۆشنووسی شاری هەولێر لە هۆتێل دێدەمان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ی کانوونی دووەمی 2026، گۆران حوسێن، سەرپەرشتیاری رێکخستنی مەڕاسیمەکە، دەربارەی بەڕێوەچوونی ئەو رێزلێنانە بۆ چوار خۆشنووس، بە کوردستان24ی راگەیاند: ئەو چوار خۆشنووسەی کوردستان و شاری هەولێر، دیار و ناسراون لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوخۆ و نێودەوڵەتین، هەر یەکەیان خاوەنی چەندین پێشانگەی تایبەت و هاوبەشن، هەروەها رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پێگەیاندنی فێرخوازان بۆ خۆشنووسی، ئەوانە وەکو مامۆستا وانەیان گوتۆتەوە، هەروەها لە قۆناغەکانی کۆمەڵەی خۆشنوویاندا، هەر چواریان سەرۆکی کۆمەڵەی خۆشنووسان بوونە.
گۆران حوسێن گوتیشی: ماوەیەکە هەست دەکرێت وەکو پێویست بایەخ بە بواری خۆشنووسی نادرێت، ئەوەش ئاوڕدانەوەیەکە بە مەبەستی ئەوەی کە جارێکی دیکە گڕووتینێکی دیکە بخرێتەوە بەر بواری خۆشنووسی و کاریگەرییەکانی خۆشنووسی و جارێکی دیکە پێویستییەکانی خۆشنووسی بە هەند وەربگیرێت، ئەو چالاکییەش لە چوارچێوەی ئەو ئامانجانە ئەنجام دەدرێت و فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایش دەکرێت کە باس لە بایەخ و گرنگی خۆشنووسی دەکات.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو چوار خۆشنووسەی شاری هەولێر، کە مەڕاسیمی رێزلێنانیان بۆ دەکرێت پێکهاتوون لە، نەجات ئەربیلی و ئەحمەد عەبدولرەحمان و زیاد موهەندیس و عەزیز بەرزنجی.