بۆ هاوسەنگکردنی بەهای دینار، بانکی ناوەندی عێراق چەندین رێوشوێن دەگرێتەبەر

"پارێزگاری بانکی ناوەندی، لیژنەی دارایی ئاگادار کردووەتەوە کە رۆژی یەکشەممە نرخی فرۆشی دۆلار بۆ هەزار و 450 دینار بەرزدەکەنەوە".

دۆلار و دیناری عێراقی
دۆلار و دیناری عێراقی

K24 - ھەولێر

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی سەقامگیری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی پاکێجێک رێوشوێن بگرنەبەر.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، کە پێنجشەممە 17/12/2020، لیژنەی دارایی بانگهێشتی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی کردووە، بۆ ئەوەی تاوتوێی قەیرانی ئابووری و لێکەوتە نەرێنییەکانی دابەزینی بەهای دینار بکرێت، لەسەر بازاڕی ناوخۆ.

مستەفا غالب جەختیکردەوە، کە بانکی ناوەندی دەستدەکات بە گرتنەبەری چەندین رێوشوێنی پێویست، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە بەهای ئاڵوگۆڕی دراو لە 2021 بگەڕێتەوە، وەک دابینکردنی سێ تریلیۆن دینار پاڵپشتی بۆ ئەو کەسانەی داهاتیان سنووردارە و دابینکردنی دراوی قورس لە بازاڕەکان، هەروەها بەرزکردنەوەی رێژەی سوو لەسەر دیناری عێراقی کە ئەسپاردەی بانکەکانی دەکرێت.

لە هەمانکاتدا، لیژنەی دارایی تاوتوێی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریان کرد لەسەر هاووڵاتیان و چینی هەژاران. بانکی ناوەندی رێوشوێنیش بەرامبەر کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەگرێتەبەر کە ئەو دۆخەیان وەک هەلێک قۆستووەتەوە.

لەلایەكی دیكە عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی لیژنەی دارایی ئاگادار کردووەتەوە کە رۆژی یەکشەممە نرخی فرۆشی دۆلار بۆ هەزار و 450 دینار بەرزدەکەنەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، ئاراستەیەک هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بۆ 145 تاوەکو 160 هەزار دینار، و لەو بارەیەوە حکومەت پەنا بۆ 145 هەزار دینارەکە دەبات.

سەعداوی ئاماژە بەوەدا، کە لە کۆبوونەوەکانی پێشووی حکومەت ئاماژە بەوەدرابوو کە دابەزاندنی بەهای دینار بە دوو قۆناغ دەبێت، سەرەتا بۆ 130 هەزار دینار و دواتر بۆ 145 هەزار دینار، بەڵام بەو شێوەیە ئەنجامی نەدا و هەوڵدەدات بەهای 100 دۆلار بە یەک هەنگاو بۆ 145 هەزار دینار بەرزبکاتەوە.

سەعداوی جەختیش دەکاتەوە، کە پارێزگاری بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی فەرمی ئاگاداری کردوونەتەوە، کە رۆژی یەکشەممە بەهای دینار لە بازاڕەکانی ناوخۆ بۆ ئاست 145 دینار دادەبەزێنیت.

ئەمە لە کاتێکدایە دوای دزەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، دڵەڕاوکێ لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو درستبووە، بەو هۆیەشەوە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بۆ سەرووی ئاستی 135 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

Fly Erbil Advertisment