دۆخی ئەمنی سنووری کۆبانێ و جزیرە تا رادەیەک ئارام بووەتەوە

ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی دۆخێکی سەختی مرۆیی بوونەتەوە

میدیای نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردووەتەوە، لە زۆربەی هێڵەکانی پێشەوەی جەزیرە و کۆبانی لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارانی حکوومەتی عەرەبیی سووریا دۆخێکی ئارام هەیە، بەڵام ئاوارەکانی عەفرین و قامشلۆ رووبەڕووی دۆخێکی سەختی مرۆیی بونەتەوە.  

چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2026، میدیای نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە )، رایگەیاندووە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو، لە لایەن چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریاوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر گوندەکانی باشووری شارۆچکەی چل ئاغا، هاوکات گوندی سەفایان تۆپباران کردووە، بەڵام لە بەرە بەیانی ئەمڕۆوە دۆخی ناوچەکە بە تایبەتی جزیرە تاڕادەیەک ئارامی بەخۆوە بینیوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر کۆبانێ بەتایبەت بۆ گوندەکانی قاسمییە و زەرکوتاک لە لایەن شەرڤانانەوە بەرپەرچدرایەوە و چەکدارەکان تێکشکێندران، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ناوچەکە تا رادەیەکی هێمنی و ئارامی گەڕاوەتەوە. 

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان جەختیان لەوەشکردووەتەوە، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەشێک لە دانیشتووان گوندەکان ئاوارەی عەفرین و قامشلۆ بوون، بەڵام لە دۆخێکی سەختی مرۆییدان.

ئاماژەیان بەوەکردووە، لە عەفرین و قامشلۆ ئاوارەکان لە دۆخێکی زۆر سەختدان، بەڵام بەهۆی ترس لە دەسپێکردنەوەی شەڕ و هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، تادێت ژمارەی ئاوارەکان لە زیادبوونە و پێداویستییەکانیش کەم دەبنەوە، تەنانەت پێداویستی سەرەتایی بۆ منداڵان و کەسانی بەساڵاچووش خەریکە نامێنن، ئەمە سەڕای ئەوەی شەپۆلێکی سەرمای توند ناوچەکەی گرتووەتەوە و هاووڵاتییان رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی و پێداویستی خۆگەرمکردنەوە بونەتەوە. 

شوکری عوسمان، هاووڵاتییەکی کوردە و ئاوارەی شاری عەفرین بووە، دەڵێت،"ئەمە جاری چوارەمە ئاوارە دەبین، لە قوتابخانەکان دەمێنینەوە و بارودۆخمان زۆر خراپە، پێداویستیەکانی ژیان کردنمان وەکو بەتانی، گەرمکەرەوە، خۆراکی پێویست بەتایبەت بۆ منداڵان، هیچیمان نییە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەم هاوکاریمان بکەن و لەم دۆخە سەختەی ژیان رزگارمان بکەن. 

بە گوێرەی ئامارەکان، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە بە زۆرەملێ لە عەفرین و قامشلۆ و شارە و شارۆچکە و گوندەکانی دیکەوە ئاوارە بوون، 300 خێزانن کە بەسەر مزگەوت و قوتابخانەکاندا دابەشکراون، ئێستا لە بارودۆخێکی سەختی مرۆییدان و پێویستییان بە هاوکاریی بەپەلەی مرۆیی هەیە.