لە کەلار، گرووپی میوزیکی قەڵای شێروانە کۆنسێرتێک ساز دەکات و داهاتەکەی بە رۆژئاوا دەبەخشێت
گرووپی میوزیکی قەڵای شێروانە، کۆنسێرتێکی میوزیک لەژێر ناونیشانی "کەزییە" لە کەلار ساز دەکات و داهاتەکەی بە رۆژئاوا دەبەخشێت، ئەندامێکی گرووپەکەش دەڵێت: هاوڵاتییەکی کەلار، یەک پلیتی بە 500 دۆلار کڕیوە، وەکو پاڵپشتی بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، پەروەر جاف، ئەندامی گرووپی میوزیکی قەڵای شێروانە، دەربارەی سازکردنی کۆنسێرتەکە و بەخشینی داهاتەکەی بە رۆژئاوا، بە کوردستان24ی راگەیاند: ئەو کۆنسێرتە بەناوی "کەزییە"، لەگەڵ گرووپی میوزیکی قەڵای شێروانە، هەڵساین بە سازدانی کۆنسێرتێک لە کفری، بۆ یارمەتیدانی خوشک و براکانمان لە رۆژئاوا و داهاتەکەشی بۆ رۆژئاوا دەنێرین، تا پێمان بکرێت دەمانەوێ کۆنسێرتەکانمان ببەینە شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوا، بۆ ئەوەی پشتیوانیان بین لەو بارودۆخە سەختەی کە تێیدان، ئێمەش لەڕێگەی هونەرەکەمانەوە ئەوەی پێمان بکرێت بۆ خوشک و براکانمان لە رۆژئاوا دەیکەین.
پەروەر جاف گوتیشی: ئێمە وەکو گرووپی میوزیکی قەڵای شێروانە، زۆر سوپاسی خەڵکی کەلار دەکەین، دوای ئەوەی هەواڵی کۆنسێرتەکەمان راگەیاند، هاووڵاتییەکی کفری یەک پلیتی بە 500 دۆلار کڕیبوو، بەڕاستی ئەوە جێگەی دڵخۆشییە، داواش لە هەموو کوردێک دەکەم، بە کڕینی پلیتێک بەشدار بن لەو کۆنسێرتە و داهاتەکەش ببەخشین بە رۆژئاوا، چونکە لەو بارودۆخەدا ئەوان پێویستیان بە ئێمەیە، لە هەموو لایەک هاوکاری کۆکراوەتەوە، ئێمەش بە هونەرەکەمان پاڵپشت و پشتیوانی خوشک و براکانمان دەبین لە رۆژئاوای کوردستان.
هەروەها کۆنسێرتی گرووپی میوزیکی قەڵای شێروانە، بڕیارە پێنجشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2026، لە کەلار لە هۆڵی هونەر بەڕێوەبچێت.
