کەرکووکی: دەمانەوێت حکوومەتێکی کارا پێکبهێنین و پۆستەکان بە شایستەیی دابەش دەکرێن

کەمال کەرکووکی رایگەیاند، دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە رووی هەموو لایەنەکاندا کراوەیە و هەر لایەنێکیش بەگوێرەی قەبارە و شایستەیی خۆی لە حکوومەتی داهاتوودا پۆستی پێدەدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی کانوونی دووەمی 2026، کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان،  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دەمانەوێت بە هاوبەشی لەگەڵ هەموو لایەنەکان  پەرلەمان کارا بکەینەوە و حکوومەتێکی کارامان هەبێت." 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر لایەنێک ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبێت بۆ کاراکردنەوە و پێکهێنانی حکوومەت، ئەوا بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی خۆی."

کەرکووکی جەختی لەوەش کردەوە "پارتی هەمیشە دەرگای کراوە بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بەمەبەستی پێکهێنانی حکوومەت." دووپاتیشی کردەوە، "ئەو لایەنانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و کورسییان بەدەستهێناوە، بەگوێرەی قەبارەی خۆیان لە کابینەی نوێدا پۆستیان پێدەدرێت."

لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی و پاڵپشتیی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، کەرکووکی گوتی: "هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، وەک کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و تۆم بەڕاک، هەروەها گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی ئیتاڵیا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، هەمووی دەرخەری ئەو راستییەن کە سەرۆک بارزانی هەوڵی جددی داوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی رۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە."

ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەش کرد: "ئامانجی سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە گەلی کورد بەپێی مافە دەستوورییەکان و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافەکانی خۆی بەدەستبهێنێت."