خوێندنی باڵا ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی رادەگەیەنێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارە کاتژمێر 5:00 ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێککەوتی 29ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجامی تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی (Placement Test) لە سەنتەرەکانی زمانی زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026 رابگەیەنێت.
ئەم تاقیکردنەوەیە کە بە شێوەیەکی ناوەندیی و لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامدرا، تایبەتە بە پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) و ئەو مامۆستایانەی خوازیاری بەدەستهێنانی نازناوی زانستین.
خوازیاران و خوێندکاران دەتوانن لە رێگەی ئەم بەستەرەوە، بە سەردانیکردنی بەشی (Result)، ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە.
ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە، دیاریکردنی ئاستی زمانی ئینگلیزی خوازیارانە بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی فێربوونی زمان، تاوەکو بتوانن مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی بۆ وەرگرتنی نازناوی زانستی و خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پڕبکەنەوە.