مەترسی گرووپە چەکدارەکانی سووریا کاری ڕێکخراوە مرۆییەکانی لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان راگرتووە
کەمپەکانی وەشۆکانی و سەرێکانی لەگەڵ پەناگەکانی حەسەکە، دوای هێرشی هێزەکانی حکوومەتی کاتیی سووریا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری گوندەکانی حەسەکە، لە دۆخێکی خراپدان و زۆربەی رێکخراوەکان بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە ئۆپەراسیۆنەکانیان راگرتووە.
پێنجشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2026، ئیدارەی کەمپ و پەناگەکانی ئاوارەکانی سەرێکانی لە شاری حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری، رایگەیاند، ژمارەیەک ئاوارە دوای چەندین ساڵ نیشتەجێبوون، کەمپ و پەناگەکانیان بەجێهێشتووە و بەرەو شارەکانی دیکە، بە پلەی یەکەم قامیشلۆ و دەرباسیە و عامودا رۆیشتوون، هاوکات ژمارەیەکی سنووردار لە خێزانەکان گەڕاونەتەوە بۆ سەرێکانی.
بەرپرسێکی پەناگەکانی حەسەکە و دەوروبەری کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، ئاوارەکان بەسەر 37 پەناگەدا دابەش کراون و زیاتر لە 1295 خێزانیان تێدا نیشتەجێیە. ئاماژەی بەوەش کردووە، قوتابخانەیەک کە وەک پەناگە بەکارهێنرابوو چۆڵ کراوە، بەمەش ژمارەی ئێستا بۆ 36 پەناگە کەم بووەتەوە. راشیگەیاندووە، بەشێک لە خێزانەکان روویان لە ناوچەکانی دیکەی ناو شار و گوندەکان کردووە، لە کاتێکدا تەنها دوو خێزان یان زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ سەرێکانی. هاوکات ئەو بەرپرسە جەختی لەسەر پێویستیی سەرژمێرییەکی نوێ کردەوە.
لێپرسراوێکی کەمپی تەلەعی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، کەمپەکە پێشتر نزیکەی 2700 خێزانی ئاوارەی خەڵکی سەرێکانیی تێدا نیشتەجێ بووە. هەروەها نزیکەی 25٪ی خێزانەکان دوای رووداوەکانی ئەم دواییە و وەستانی پشتیوانیی رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، کەمپەکەیان بەجێهێشتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم خێزانانە روویان لە شارەکانی دیکە کردووە، لە کاتێکدا تەنها ژمارەیەکی سنووردار گەڕاونەتەوە بۆ سەرێکانی.
لێپرسراوێکی کەمپی وەشۆکانی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند، کەمپەکە زیاتر لە 2500 خێزانی ئاوارەی خەڵکی سەرێکانیی تێدا بووە، هەروەها نزیکەی 10٪ی ئەو خێزانانە کەمپەکەیان بەجێهێشتووە و روویان لە شارەکانی دیکەی ناوچەکە کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەرەباڵغییەکی زۆر لە گوندەکانی باکووری حەسەکە، بەتایبەتی لە قامیشلۆ و عامودا و دەرباسیە دروست بووە، کە خەڵکی ئاوارەی تەبقە، رەققە، دێرەزوور و گوندەکانی حەسەکەی تێدا نیشتەجێ بووە. بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان، رێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان کە لە بواری هاوکارییە مرۆییەکاندا کار دەکەن، چالاکییەکانیان راگرتووە. بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە ئاوارەکان کەمپ و پەناگەکانیان چۆڵ کردووە و روویان لە ناوچەکانی دەوروبەر کردووە.