ئیسرائیل و سعوودییە ئه‌گه‌ره‌كانی هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران تاوتوێ ده‌كه‌ن

بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل و سعوودییە لە واشنتن، سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەگەڵ بەپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.

پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، بەرپرسانی باڵای بەرگریی و هەواڵگریی ئیسرائیل و سعوودییە لە ئەمریکان، ئەم هەفتەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، شلۆمی بیندەر، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ بەرپرسانی پێنتاگۆن کۆبووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سعودیە بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکا بکات، وەک نێوەندگیرێکیش پەیامی هەردوولای گەیاندووە. 

بەڵام بە گوێرەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە هێرشکردنەسەر ئێران نەداوە، بڕیارە ئەمشەو کابینەی ترەمپ کۆبێتەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەکەی لە ساڵی نوێ.

لە پێشهاتێکی دیکەدا، رووسیا داوای لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد لە ئەگەری هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران، وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر بۆردومان نەکەن و پارێزراو بێت.

لای خۆیەوە، ئالێکسی لیخا چۆف، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای حکوومیی رووس ئەتۆم بە ئاژانسی سپۆتنیکی راگەیاند, رووسیا لە جەنگی رووداوەکانی دەوروبەری ئێران بە بەردەوامی خەریکی تاوتوێکردنی دۆخی ئاسایشی وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر و راوێژی پێویست بۆ ئەم مەبەستەیە.

ئەو بەرپرسە حکوومییەی رووسیا گوتیشی: "بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئامادەین لە کاتی پێویستدا ستافی خۆمان لەو وێستگە ئەتۆمییە بێنینە دەرەوە و بیانگوازینەوە بۆ رووسیا."

وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر کە توانای بەرهەمهێنانی هه‌زار مێگاوات کارەبای هەیە، لە لایەن رووسیاوە لە کەناراوەکانی باشووری ئێران دروست کراوە و بەشێک لە ستافی تەکنیکیی ئەم وێستگەیەش، ئەندازیارانی رووسن.