پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی حکوومەتی سووریا و هەسەدە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات و هیوا دەخوازێت ئەم رێککەوتنە فراوان بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی.

ئەمڕۆ هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا، پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان  حکوومەتی سووریا و هەسەدە دەکات و هیوای خواستووە رێککەوتنەکە ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ هەموو سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان.

سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا دەڵێت: پشتیوانی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی روڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کۆتاییهێنان بە گرژیەکان و گرتنەبەری رێگەی دایەلۆگ بۆ چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکان، جێگەی شانازییە. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئومێدی کردووە، رێککەوتنەکە ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و رێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ مال و زێد و ناوچەکانی خۆیان.

ئەمە دەقی پەیامەکەیە:

پێشوازی لە رێککەوتنی حکوومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین و هیوادارین ئەم رێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ هەموو سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان و ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و رێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ مال و زێد و ناوچەکانی خۆیان. 

پشتیوانی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی روڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کۆتاییهێنان بە گرژیەکان و گرتنەبەری رێگەی دایەلۆگ بۆ چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکان، جێگەی شانازییە. 
رێز و پێزانینمان هەیە بۆ رۆڵی سەرۆک و حکومەت و نوێنەر و کۆنگرێسی ئەمەریکا و وڵاتانی دۆست لە کوتاییهێنان بە گرژیەکان و پشتیوانیکردنی مافە رەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و سەقامگیریی لە ناوچەکە.

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 

30ـی کانوونی دووەمی 2026