بەریتانیا پێشوازی لە ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە دەکات

وەزیری بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات و ڕایگەیاند، بۆ سەقامگیری سووریا هەنگاوێکی گرنگە، هاوکات پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو وڵاتە دووپات کردەوە.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، هەمیش فاڵکۆنەر، وەزیری بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەبارەی ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە نووسیویەتی: وڵاتەکەی پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پرۆسەی تێکەڵکردنی هیزەکانیان و دامەزراوە مەدەنییەکان دەکات.

فاڵکۆنەر باسی لەوەش کردووە، ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیری و یەکگرتنەوە سووریا.

هەروەها ئاماژەشی داوە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە پشتگیریکردنی سووریا و دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەردەوام دەبن.

هەر ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)،دەقی ڕێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا.