بانکی ناوەندی: لەمڕۆوە بەهای دۆلار بەمشێوەیە دەبێت

"ئەم نرخە جێگیرە، کۆتاییە و ناگۆڕدرێت"

بانکی ناوەندی: ئەو بەهایە جێگیرە و ناگۆڕدرێت. وێنە: AA
بانکی ناوەندی: ئەو بەهایە جێگیرە و ناگۆڕدرێت. وێنە: AA

K24 - هەولێر

بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا بەهای دۆلاری چەسپاند و دەڵێ ئەم بەهایە "ناگۆڕدرێت کۆتاییە".

لە راگەیەندراوەکەدا کە واژۆی مستەفا خالد موخیف، پارێزگاری بەوەکالەتی بانکی ناوەندیی بەسەرەوەیە و ئەمڕۆ (یەکشەممە، 20-12-2020) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی بەهای دۆلاری ئەمەریکی بۆ دیناری عێراقی، لەمڕۆوە نرخەکان بەمشێوەیە دەبن...

دینار بۆ هەر دۆلارێک:

1450 نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی
1460 نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان لەڕێگەی زیادکردنی فەرمی.
1470 نرخی فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان.

لە راگەیەندراوەکەدا جەختیشکراوەتەوە لەوەی "ئەم نرخە جێگیرە، کۆتاییە و ناگۆڕدرێت".

دابەزاندنی بەهای دینار لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق نەوتەکەی بە دۆلار دەفرۆشێت، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتییەتی، لەبەرامبەردا بە دینار مووچەی فەرمانبەرانی دەدات، بۆیە بەگوتەی باسم خەشان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "بەو هەوڵەی، حکومەت بەڕێژەی 20٪ مووچەی فەرمانبەران دابیندەکات".

ئەم بڕیارە هێشتا بەفەرمی لە بازاڕی هەولێر کاریپێنەکراوە

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لەنێو بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر رایگەیاند "ئێستا دۆلار لە هەولێر بە 143 هەزار مامەڵەی پێوە دەکرێت".

لەو بازاڕەی هەولێر، هەموو هاووڵاتییان و خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو گللەییان هەیە لەو بڕیارە و داوادەکەن ئەو بڕیارە رەتبکرێتەوە و دۆلار وەک پێشتر ببێتەوە 119 بۆ 120 دینار.

بازرگانێکی حەفازەی منداڵان، هاتووەتە ئەو بازاڕە، دۆلار بکڕێت و دەڵێ "گران بووە و ناکڕدرێت". ئەو هەروەها دەڵێ بۆ هەر "کیسەیەک سێ هەزارم خستووەتە سەر"، کاتێکیش پەیامنێری کوردستان24 دەپرسێت "بۆچی، خۆ تۆ پێشتر بەوەندە نەتکڕیوە؟"، بازرگانەکە دەڵێ "وایە، بەڵام خۆ من بە دۆلار دەیکڕمەوە، واتا بۆ من وەکو یەکە، بەڵام هاووڵاتی زەرەر دەکات".

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment