لامین یامال ئاستی دەگاتە مێسی، كریستیانۆ و رۆناڵدینیۆ؟
ئاستی ئێستای لامین یامال لەگەڵ بارسێلۆنا بەردەوام شیكاری بۆ دەكرێت، لەمبارەیەوە دیكۆ بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی لامین دەكات و بەراوردیان دەكات بە مێسی، كریستیانۆ و رۆناڵدینیۆ.
دیكۆ، ناوەراستكاری پێشووی بارسێلۆنا لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی دا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی TNT SPORT لەبارەی ئەوەی ئایا ئاستی لامین یامال لە داهاتوو دەگاتە ئاستی مێسی، كریستیانۆ و رۆناڵدینیۆ، لەمبارەیەوە دەڵێت: چیرۆكی ئەو یاریزانانە جیاوازن لەیەكتر، بۆ نموونە، ڕۆناڵدینیۆ گاوچۆ لە ساڵی 2002 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداریی مۆندیالی كرد و لەگەڵ ڕۆناڵدۆی دیاردە، ڕۆماریۆ و ڕیڤاڵدۆ و ئەوانیتر پێگەیشت و مۆندیالی بردەوە، بەڵام مێسی لە بارسێلۆنا پێگەیشت و گەورە بوو، دواتر چەندان نازناوی گەورەی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتەكەی بەدەستهێنا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، دیكۆ دەشڵێت: ئەگەر باسی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بكەین، لە ساڵی 2004 لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال درەوشایەوە و دەركەوت ئاستی لە گەشەكردندا بوو، ئەوكات پۆرتوگال پێكهاتەیەكی بەهێزی هەبوو، كریستیانۆش یەكێك بوو لە ئەستێرە ناوازەكان، دواتر دۆن لەگەڵ مانچێستەر یونایتد زۆرترین نازناوی تاكەكەسی و بە كۆمەڵی بردەوە، بەڵام چیرۆكی لامین یامال لە هەمووان جیاوازترە، لە كاتێكدا لامین دەركەوت بارسێلۆنا لە قۆناغی هەستانەوە و راستكردنەوەدا بوو، تیپەكە ئامادە نەبوو، بەڵام لامین لەگەڵ نەوەیەكی تاڕادەیەك نوێی بارسێلۆنا هاتە نێو مەیدانەكە و توانی سەرنجی هەمووان بۆ لای خۆی رابكێشێت.
دیكۆ ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال گوتیشی: لامین كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە و پێموایە لەڕووی مامەڵەكردنەوە دەتوانێت بە ئارامی ئاستی بگاتە لوتكە، بەڵام جیاوازە لە ئەستێرەكانی پێشووی خۆی بە وێنەی مێسی، كریستیانۆ و رۆناڵدینیۆ.
لە لایەكی دیكەیشەوە لەبارەی بەربژێرانی مۆندیالی 2026 پرسیار لە دیكۆ كرا، لەمبارەیەوە دەڵێت: مەحاڵە پۆرتوگال لەنێو ریزی بەربژێران نەبێت، چونكە پێكهاتەیەكی بەهێزی هەیە.
دیكۆ دەشڵێت: پۆرتوگال و ئیسپانیا كوالیتییەكی زۆر بەرزیان هەیە، بەربژێری سەرەكین بۆ بردنەوەی مۆندیالی 2026، بەڵام بەرازیل زەحمەتە لەنێو یەكێك لە 3 بەربژێرەكانی بردنەوەی مۆندیال بێت، بەڵام هەڵەیە ئەگەر ئەرجەنتین و فەرەنسا لەبیر بكەین، چونكە تیمێكی زۆر بەهێزیان بۆ مۆندیال ئامادە كردووە.