نرخی نەوت شەش مانگە هێندە بەرزنەبووەتەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان گەورەترین هەڵکشانی مانگانەی لە دوای ساڵی 2023ـەوە تۆمار کرد. نرخی بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بە زیاتر لە 70 دۆلارە. گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ و وەڵامدانەوەکانی تاران، ترسی ئەوەیان لای وەبەرهێنەران دروست کردووە، ململانێکان پەل بکێشن بۆ ناوچە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەت گەرووی هورمز کە بە شادەماری گواستنەوەی نەوت دادەنرێت.

لە کۆتا خولی مامەڵەکانی رۆژی هەینی، نرخی یەک بەرمیل لە نەوتی خاو برێنت بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو بە 70 دۆلار و 69 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، لە یەک هەفتەدا 8.5% بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە زۆرترین بەرزبوونەوەی مانگانە لە دوای تەممووزی 2023 هەژمار دەکرێت، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 بە 16.20% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

بزوێنەری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ لێدوانە دژبەیەکەکانی کۆشکی سپی و تاران دەگەڕێتەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە جەخت لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکاتەوە و داوا دەکات ئێران پەنا بۆ رێککەوتن ببات، ئەگەرنا بژاردەی هێرشی سەربازیان دەبێت. لە بەرامبەردا، تاران بە توندی وەڵامی ترەمپی داوەتەوە و رایگەیاندووە؛ توانای بەرگری و سەربازییان جێگەی گفتوگۆ نییە و هەر هێرشێکی سەربازی کاردانەوەی توندی بەدوادا دێت.

مەترسی لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چاوی بازرگانانی خستووەتە سەر گەرووی هورمز کە رێرەوێکی سەرەکی گواستنەوەی نەوت و گازی جیهانە، چونکە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو رێڕەوە دەتوانێت جیهان روبەڕووی قەیرانێکی کەم وێنەی وزە بکاتەوە.

جیا لە ترس لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بازاڕی وزە لەژێر کاریگەری چەند فشارێکی دیکە دایە کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی نەوت لە کۆگاکانی جیهان. سزاکانی واشنتۆن بۆ سەر کەرتی نەوت و گازی رووسیا توندتر کراونەتەوە، لەلایەکی دیکە؛ کێشە تەکنیکییەکان لە کێڵگەکانی نەوتی کازاخستان، بڕی خستنەڕووی نەوتیان لە بازاڕەکان کەم کردووەتەوە.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە چەند رۆژی رابردوودا وایکردووە؛ هەڵکشانی نرخی نەوت سنووردار بێت. بەرزبوونەوەی دۆلار دوای ئەوە هات؛ ترەمپ، کیڤن وارشی، وەک سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا دیاریکرد، ئەمە وایکرد، نەوت بۆ ئەو وڵاتانەی بە دراوی دیکە مامەڵە دەکەن گرانتر بکەوێت و تا رادەیەک خواست کەم بکاتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەمە، شارەزایانی بازاڕەکە، لەو بڕوایەدان؛ تاوەکو دۆخی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئۆکرانیا و رووسیا بەرەو ئارامی نەچێت، نرخەکان لەم ئاستە بەرزانەدا دەمێننەوە.