یاسا نوێیەکەی یوێفا سوودی بۆ هەموو یانەکان هەیە
ساڵانی رابردوو دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، کاتێک تیروپشک بۆ قۆناغەکانی دیکە واتە (شازدە تاوەکو پێشکۆتایی) دەکرا، تیروپشک بۆ یانەکانیش دەکرا کام یانە لە یاریگای خۆی یەکەمجار یاری دەکات، بەڵام ئەم وەرزە یاساکە گۆڕاوە، بە جۆرێک دەکرێت بڵێین یاسا نوێیەکە لە بەرژەوەندی هەموو یانەکانە.
بە گوێرەی ئەو یاسایەی کە لەم وەرزەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئەو یانانەی پلەی یەکەم و دووەم لە قۆناغی یەکەم بەدەست دەهێنن، بۆ نموونە ئارسێناڵ و بایرن میونش کە یەکەم و دووەم بوون، تاوەکو یاری کۆتایی لە یاری گەڕانەوە لە یاریگای خۆیان یاری دەکەن، وەرزی رابردوو ئەم یاسایە نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە یانەکانی سێیەم و چوارەم قۆناغی یەکەمیش بە هەمان شێوەی دوو یانەکەی دیکە، ئەوانیش تاوەکو یاری کۆتایی یاری گەڕانەوە لە یاریگای ئەوان دەبێت، هەر ئەمە وایکردووە یانەکان هەموو هەوڵێک بدەن لە تۆپ چوار (TOP4) بن.
بێجگە لە یاسای یاری گەڕانەوە لە یاریگای خۆت، یاسایەکی دیکەش هەیە کە وادەکات یەکەم و دووەمی قۆناغی یەکەمی چامپیۆنزلیگ، تاوەکو یاری کۆتایی رووبەڕووی یەکتری نەبنەوە، بۆ نمونە ئارسێناڵ و بایرن میونشن تاوەکو یاری کۆتایی بەرکەوتنیان لەگەڵ یەکتری نابێت.
ئەم یاسایە نەک تەنها سوودی بۆ یانەکانی یەکەم تاوەکو چوارەم هەیە، بەڵکو سوودی بۆ یانەکانی دیکەش هەیە، بۆ نمونە رەنگە یانەیەک پلەی شازدەیەمی بەدەستهێنابێت و لە قۆناغی شازدە رووبەڕوو ئارسێناڵ ببێتەوە و لەو یانەیە بباتەوە، ئەو کاتە شوێنی ئارسێناڵ دەگرێتەوە و تاوەکو یاری کۆتایی یاری گەڕانەوە لە یاریگای خۆی دەبێت.