جەدعان عەلی: سەرۆک بارزانی رۆڵی لە رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق هەبووە

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە، رایگەیاند، سەرۆک بارزانی رۆڵی هەبووە لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا، جەختی کردەوە، دەبێت رێککەتنەکە ببێتە مایەی ئارامی بۆ ناوچەکە. 

شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، جەدعان عەلی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە، بۆ کوردستان24 گوتی،" ئەگەر رێککەوتن ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکانیان و باشبوونی رەوشی هاووڵاتییانی سڤیل و وەستاندنی شەڕ بێ گومان زۆر باشە. 

لەبارەی رۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان جەدعان عەلی گوتیشی،" سەرۆک بارزانی لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریا رۆڵێکی کارای هەبووە لە دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییەکان و گەیشتنی هەسەدە و حکوومەتی سووریا بە رێککەوتن. 

ئاماژەی بەوەشکرد،"گرنگە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە هاکاری گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە". 

هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:

- هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

- دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

- کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.

- دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.

- گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە هەرچەندە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.