شیفا بارزانی: زیاتر لە 40 هەزار کورد لە شاری بۆن یەکڕیزیی نەتەوەییان نیشانی جیهان دا

شیفا بارزانی
شیفا بارزانی

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، خۆشحاڵیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی ملیۆنی و فراوانی کوردانی دیاسپۆرا لە شاری بۆنی وڵاتی ئەڵمانیا دەربڕی. 

ئاماژەی بەوە کرد، ئەم گردبوونەوەیە گەورەیە بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموو لایەک نارد کە کاتێک کوردان بە تێکڕا و بە دەنگێکی بەرز دروشمی ی(یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە، یەکە یەکە یەکە، کوردستان یەکە) دەڵێنەوە، هەموو نەتەوەی کورد دڵخۆش دەکەن.

ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی
سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو هەوڵ و تێکۆشانە بێوچانەی کە داویەتی لە پێناو ئاگربەست و ڕێگریکردن لە خوێنڕێژی لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوكات سوپاسی گەلی کوردستانی کرد بۆ دڵگەورەیی و ئەو هاوکارییە مرۆییە فراوانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەشی خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، جەختیشی کردەوە لەوەی، دڵی هەموو کوردانی تاراوگە لەگەڵ ڕۆژئاوای نیشتماندایە.

خەباتی مەدەنی و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان
شیفا بارزانی داوای کرد، پڕۆسەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بەردەوام بێت و جەختی لەسەر ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی کردەوە بۆ کوردانی دەرەوەی وڵات و ڕایگەیاند: دەبێت هەموو خۆپێشاندانەکان لە ئەورووپا و جیهان بە شێوازێکی ئاشتییانە بن و کوردان ڕێز لە یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بگرن کە لێی دەژین، ئامانجی ئەمەش نیشاندانی وێنەیەکی جوانی کەلتووریی نەتەوەی کوردە بە دونیا، تاوەکو بسەلمێنرێت کە کورد خەڵکی شەڕ نییە و تەنیا ئاشتی دەوێت، بەڵام کاتێک شەڕی بەسەردا دەسەپێنرێت، ناچارە بۆ پاراستنی خاک و ماڵی خۆی بەرگری بکات، بەبێ ئەوەی دەست بۆ خاکی هیچ گەل و نەتەوەیەکی تر ببات.

جووڵەی دیپلۆماسی و گەیاندنی پەیامی کورد بە پەرلەمانەکانی جیهان
سەبارەت بە قەبارەی خۆپیشاندانەکەی ئەڵمانیا، شیفا بارزانی ئاشکرای کرد، زیاتر لە 40 هەزار کوردی دیاسپۆرا بەشدارییان لە خۆپێشاندانی شاری بۆن کردووە، بە جۆرێک کە قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بووە و هەموو ترافیکەکانی شاری بۆن گیراون. ئاماژەی بەوەش کرد، بە شێوەیەکی فەرمی نووسراو و پەیامی گەلی کوردیان گەیاندووەتە باڵیۆزخانەکان، پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانەکانی ئەڵمانیا، سوێد، نەرویج و ئەمریکا،  ئەم جووڵە دیپلۆماسییە بووەتە هۆی ئەوەی پشتیوانیی لایەنە سیاسییەکانی ئەورووپا بۆ دۆزی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

نەتەوە لە سەرووی حزب و ئایدۆلۆژیاوەیە
لە پەیامەکەیدا، شیفا بارزانی داوای یەکڕیزیی تەواوەتی لە گەلی کورد کرد و ڕەنگدانەوەی پەیامی سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە کە کوردستان لە سەرووی هەر ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕێکی سیاسییە،ڕایگەیاند: حزبەکان تەنیا ئامرازن بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی نەتەوە، بۆیە پێویستە لە دیاسپۆرا تەنیا کوردایەتی بکرێت و ڕێگە نەدرێت ململانێی حزبی یەکڕیزیی کورد لاواز بکات. 

داواشی کرد، لە هەموو شوێنێک تەنیا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرز بکرێتەوە و بشەکێندرێتەوە، چونکە ئەو ئاڵایە کۆکەرەوەی هەموو کوردێکە لە هەر شوێنێکی جیهان بێت.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک چەترێکی نیشتمانی بۆ کوردانی تاراوگە، لە ساڵی 2026دا توانیویەتی گەورەترین جووڵەی جەماوەری و دیپلۆماسی لە مێژووی دیاسپۆرادا ڕێکبخات، گردبوونەوەی 40 هەزار کەسی لە شاری بۆن، هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی کورد، شیفا بارزانی وەک سەرپەرشتیاری ئەم کۆنفیدراسیۆنە کار دەکات بۆ گۆڕینی هاوسۆزیی کوردانی دەرەوە بۆ گوشارێکی سیاسیی کاریگەر لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیهاندا، تاوەکو گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و مافە دەستوورییەکانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەدەستبهێنرێت.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

‎بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

‎کوردستانییانی خۆشەویست..ئامادەبووانی بەڕێز..خوشک و برایانی ئازیز

‎جێگەی شانازییە کە ئەمڕۆ لە شارەکانی وڵاتانی ئەورووپا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کورد بە جۆش و خرۆشەوە و بە شێوەیەکی بێوێنە لە گردبوونەوەی ئاشتییانەدا، پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەکەن.

‎ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ توانایی و زیندووێتیی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش دەسەلمێنێت کە نەوەی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات، هەمیشە هێزێکی مەزن و ئامادە و یەکگرتووە، بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە هەر بەشێکی کوردستان بێت. سڵاو و ڕێزی تایبەتی من، بۆ ئێوەی خۆشەویست هەیە... بەخێر بێن سەرچاوان.

‎لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا، خاکی کوردستان بە ناحەقی دابەش کرا، لەپاش ئەو دابەشکردنە، گەلی کوردستان ڕووبەڕووی کارەسات و نەهامەتی و ئازارێکی زۆر بووەوە. بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی کە بۆ گەلی کوردستان دروست بوو، نەبووە هۆکاری ئەوەی کە گەلەکەمان ئیرادەی خۆی لەدەست بدات و مافەکانی خۆی لەبیر بکات. بەپێچەوانەوە، گەلی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و هۆشیارتر لەسەر خەباتی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی خۆی بەردەوام بوو. لە ڕێگەی خەباتیشدا قوربانیی بێژماری داوە.

‎هەروەکی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە ڕۆژئاڤای کوردستانیش گەلی کورد خەباتێکی دوورودرێژی هەیە. تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاڤای کوردستان، ئازار و زیندان و دەربەدەری و ئاوارەییەکی زۆریان بینیوە. پاش خەباتێکی زۆر ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، گەنجان و لاوانی گەلەکەمان بە ئازایەتیی خۆیان و بە خوێن و قوربانییان داعشـیان تێکشکاند و بوونە پارێزەری مرۆڤایەتی.

‎ئێستا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان تووشی هەڕەشەیەکی نوێ و بارودۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار بووەتەوە. ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر کوردستانییەکە کە پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان بین.

‎دەنگی هەر یەک لە ئێوە کاریگەریی خۆی لەسەر مۆراڵ و خۆڕاگریی گەلی کورد لە کوردستان و بەتایبەتی لە ڕۆژئاڤای کوردستان هەیە، پەیامێکیشە بۆ خەڵکی جیهان بۆ ئەوەی کە پشتیوانی لە داخوازی و مافە ڕەواکانی خوشک و برایانی ئێمە بکەن.

‎ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، کە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیی خۆیان و ڕێگە نەدەن نەهامەتی و ئازارەکانی گەلەکەمان دووبارە ببنەوە. لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوون، ئێستا پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بن.

‎ئامادەبووانی ئازیز... کوردستانییانی خۆشەویست

‎خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئێوە، نیشانەیەکی ڕوونی ئەو یەکدەنگییە نەتەوەییەیە کە لە ناخی کوردستانییانی دەرەوەی وڵاتدایە. ئەوەش ئەو ڕاستییە نیشان دەدات، کە جیاوازیی سنوورەکان و بیروڕای سیاسی، ناتوانن پەیوەندییە مێژوویی و نەتەوەییەکان لە ناخماندا لاواز و بێهێز بکەن. ئێمە یەک نەتەوەین، و یەک مێژوومان هەیە. یەک پاشەڕۆژیشمان هەیە، و لە خۆشی و نەخۆشییەکاندا هاوبەشین. کوردبوونی ئێمە لە سەرووی هەموو ئایدۆلۆژیایەکە. کوردبوون پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، نەک تەنیا بۆ گەلەکەمان، بەڵکو بۆ گەلانی ناوچەکە و تەواوی جیهانیش.

‎من سوپاسی یەک بە یەکی ئێوەی ئازیز و ڕێکخەرانی ئەم گردبوونەوەیە و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەکەم، سوپاسی هەموو کوردستانییانی دەرەوەی وڵات دەکەم، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هیمەت و حەماسەیەکی زۆرەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤا بوونە. دەستخۆشییتان لێ دەکەم، هەر ئەوەتان لێ چاوەڕوان دەکرێت. پێویستە ئەو پشتیوانییکردنە لە چوارچێوەی شێوازە ئاشتییانە و ڕێکارە مەدەنییەکاندا هەر بەردەوام بن.

‎داواکاریی من ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەکانتاندا، لە مەراسیم و خۆپیشاندانەکاندا، بە تەواوی پابەندی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بن، و پابەندی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بن کە تێیدا دەژین. بە هەموو شێوەیەک خۆتان لە ئاژاوە و گرژی و توندوتیژی بەدوور بگرن. گەلی کوردستان کێشەی لەگەڵ سیاسەتی حکومەت و ڕژێمەکان هەیە، و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نەتەوەکان نییە، دەبێت هەموو ئاگاداری ئەوە بن، نابێت ڕق و کێشە لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا دروست ببێت. پەیامی گەلی کوردستان پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە.

‎هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە بکەم کە لەسەر ئاگربەستی نێوانیان بەردەوام بن. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی خۆیان، پشت بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببەستن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت کە گرفت و کێشە سیاسییەکان ببنە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکی و کێشەی نەتەوەیی لەنێوان کورد و عەرەبان.

‎هەروەها بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، پێویستە لە کۆتاییدا کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی کورد و هەوڵی تواندنەوە (تۆنەکرنا)یان بهێنرێت و لە پاشەڕۆژی سووریادا مافە سیاسی و مەدەنی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکرێن.

‎لە کۆتاییدا ئەو چەندە دووپات دەکەمەوە، کە دەبێت ئێمە هەموومان پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەهێز بکەین، و دەبێت هەمیشە ئومێد بە پاشەڕۆژێکی گەش بۆ گەلی کوردستانمان هەبێت.

‎
دیسان بەخێرهاتنەوەتان دەکەم، بەخێر بێن سەرچاوان.
بژی کورد، بژی کوردستان

مەسعود بارزانی

31ـی کانوونی دووەمی 2026