پارێزگاری کۆڵن لە شاری بۆن: داوای پاراستنی نێودەوڵەتی، ئاشتی و سەربەخۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین
دکتۆر ڕاڵف ئیلیستەر، پارێزگاری شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، لە میانی بەشدارییکردنی لە خۆپیشاندانە گەورەکەی شاری بۆن کە لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخرابوو، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ مافەکانی گەلی کورد دەربڕی.
ئیلیستەر ڕایگەیاند: ئەوان وەک لایەنی فەرمی لە ئەڵمانیا داوای دابینکردنی ئاشتی و پاراستنی نێودەوڵەتی و سەربەخۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و جەختی کردەوە لەوەی، پێویستە جیهان بێدەنگی بەرانبەر بەو مەترسییانە بشکێنێت کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.
پارێزگاری کۆڵن سڵاوی تایبەتی ئاراستەی هەموو ئەو کوردانە کرد کە لە شاری بۆن و کۆڵن و تەواوی ئەڵمانیاوە بۆ ئەم مەبەستە نەتەوەییە کۆببوونەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی ڕابردوو بەیەکەوە لەگەڵ کوردان یادی نەورۆزیان لە شاری کۆڵن کردووەتەوە و دەنگی خۆیان گەیاندووەتە جیهان، بەڵام ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بۆ ئاهەنگگێڕان و شایی کۆنەبوونەتەوە، چونکە بەهۆی ئەو بارودۆخە ناخۆش و مەترسیدارەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت، هەمووان دڵگران و نیگەرانن.
دکتۆر ڕاڵف هۆشداریی دا لەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و ئەو میلیشیایانەی پێشتر لە ناو ڕێکخراوی داعشدا بوون و ئێستا ئازاد کراون، دەکرێنە سەر کوردان، ناوبراو مەترسیی خۆی نیشان دا لەوەی، ئەو زوڵم و نەهامەتییەی پێشتر بەسەر درووز و عەلەوییەکاندا هات، ئێستا دووبارە بەسەر کورد و ئێزدی و پێکهاتەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستاندا بێتەوە،جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقییە ئەو گەلانە لە هەڕەشەی گروپە تیرۆریستییەکان بپارێزرێن و مافە کەرامەتمەندانەکانیان گەرەنتی بکرێت.
لە وتارەکەیدا، پارێزگاری کۆڵن سوپاسی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی کرد کە بە شێوازێکی زۆر دیموکراتی، ئارام و هێمنانە دەنگی خۆیان دەگەیەنن و هەماهەنگییەکی تەواویان لەگەڵ پۆلیسی ئەڵمانیا هەبووە، دووپاتی کردەوە، ئامانجی کۆتایی ئەوان و هەموو ئازادیخوازان ئەوەیە کە ئاشتییەکی بەردەوام و پاراستنی سەربەخۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دابین بکرێت تاوەکو خەڵکەکەی لە ئارامی و دڵنیاییدا بژین.
ئەم هەڵوێستە فەرمییەی پارێزگاری کۆڵن لە شاری بۆن، نیشانەی بایەخی سیاسیی دۆزی کوردە لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەڵمانیا.
ئەڵمانیا کە وەک مەڵبەندی سەرەکیی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەورووپا دەناسرێت، لە ڕێگەی بەرپرسە خۆجێی و فیدراڵییەکانیەوە چاودێرییەکی وردی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوسۆزیی بەرپرسانی ئەڵمانیا لەگەڵ کوردان، نەک هەر ڕەهەندێکی مرۆیی هەیە، بەڵکو وەک فشارێکی سیاسی بۆ سەر حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا دەبینرێت تاوەکو ڕۆڵێکی کاراتر لە پاراستنی قەوارەی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپە توندڕەوەکان بگێڕن، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ئەورووپاش دەبێت.