بێریڤان ئایماز: سەرۆک بارزانی رۆڵێکی باڵای لە چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژئاوای کوردستان گێڕاوە
بێریڤان ئایماز، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین - ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا، جەختی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.
لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان 24، ئایماز ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان لە چەند دەیەی رابردوودا گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و بووەتە ناوەندێکی گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ناوبراو ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی کرد و رایگەیاند: سەرۆک بارزانی رۆڵێکی مێژوویی و گەورەیان لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و چەسپاندنی ئاشتی لە رۆژئاوای کوردستان گێڕاوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، یەکگرتوویی کوردەکان لە جەنگی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە بووە.
رایگەیاند: پێویستە ئەو رۆحییەتە و ئەو پەیوەندییانە پارێزراو بن، هاوکات داوای لە حکوومەتی ئەڵمانیا کرد، لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا پشتیوانییەکی بەهێزتر لە گەلی کورد بکات.
ئایماز پێشنیاری کرد، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و کوردستان بۆ قۆناغێکی درێژخایەن پەرەیان پێ بدرێت، ئەوەش لە رێگەی کارکردنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی کەلتووری لە نێوان هەردوولادا.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بێریڤان ئایماز جەختی لەوە کردەوە، پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەدەستی هێناون، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.
ئاماژەی بەوە کرد، بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و کەلتووری دەبێتە گەرەنتییەک بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و کورد تەنها لە چوارچێوەی ئەمنی و سەربازیدا نەمێننەوە، بەڵکو ببنە هاوبەشییەکی ستراتیژیی هەمەلایەنە کە خزمەت بە سەقامگیریی درێژخایەنی ناوچەکە بکات.