ئەگەرەكانی بەردەم دیناری عێراقی

"دابەزاندنی بەھای دینار رێژەی ھەژاری لە عێراق زۆر زیاد دەكات"

K24 – ھەولێر:

بەھۆی بڕیاری دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمه‌ریکی لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە، چارەنووسی دیناری عێراقی وەکو تومەنی ئێرانی و لیرەی تورکی لێبێت، کە لە ڕابردوودا دابەزینێکی زۆریان بە خۆیەوە بینی.

نەبەرد کەریم، شارەزای دارایی گوتی: ئەو ھەنگاوەی حکومەتی عێراق رێژەی ھەژاری زۆر زیاد بکات.

دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی بە بڕیاری بانکی ناوەندی عێراقی، جگە لەوەی شڵەژانێکی گەورەی لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان درووست کردووە، شارەزایانی دارایی و ئابووریش باس لە کاردانەوە و دەرئەنجامە خراپەکانی دەکەن لەسەر ئایندەی ئابووری عێراق. رەنگە ھیچ شوێنێک ھێندەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دۆخەکەی نەگۆڕابێت، ئەوەشی کە دۆخەکەی نائاسایی کردووە ئەوەیە، خەڵکێکی زۆر دۆلاریان ھەیە دەیفرۆشن.

ئەگەر ئەم دۆخە وا بەردەوام بێت پێشبینی دەکرێت ھەمان چارەنووسی تومەنی ئێرانی و لیرەی تورکی چاوەڕێی دیناری عێراقی بکات، چونکە عێراق وڵاتێکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ پشت بە ھاوردە دەبەستێت و زۆربەی ئەو مامەڵانەش بە دۆلار دەکرێت. ئەمەش ھۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی ھەژاری.

بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بەھای دۆلاری چەسپاند و گوتی:  ئەم بەھایە "ناگۆڕدرێت و کۆتاییە. وەك لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، کە واژووی مستەفا خالد موخیف پارێزگاری بەوەکالەتی بانکی ناوەندیی بەسەرەوەیە و بڵاوکراوەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی بەھای دۆلاری ئەمەریکی بۆ دیناری عێراقی،  نرخەکان بەم شێوەیە دەبن ھەزارو 450 دینار نرخی کڕینی دولارە لە وەزارەتی دارایی،  1460 دینار نرخی فرۆشتنی دولارە بە بانکەکان لە ریگەی زیادکردنی فەرمی، 1470 دینار نرخی فروشتنیەتی لە لایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکیەکان بە ھاووڵاتیان.