خۆپیشاندانی کوردانی دیاسپۆرا بۆ پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان دەبێتە سەردێری هەواڵەکانی میدیای ئەڵمانیا
دوێنێ شەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2026، چەندین شاری گەورەی وڵاتی ئەڵمانیا، لەوانە بۆن، دۆسڵدۆرف و کۆڵن، گەورەترین زنجیرە خۆپیشاندانی رەوەندی کوردستانییان بەخۆوە بینی.
ئەم جووڵە جەماوەرییە فراوانە وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە بارودۆخی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕێکخرا، کە تێیدا هەزاران کوردستانی داوای پاراستنی مافە نەتەوەییەکانیان و جێگیرکردنی ئاشتییان دەکرد.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پۆلیسی ئەڵمانیا کە میدیاکانی وەک DW و ZDF بڵاویان کردووەتەوە، تەنها لە شاری بۆن نزیکەی 15 هەزار کەس لە گۆڕەپانی هۆفگارتن کۆبوونەوە.
خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشمە جۆراوجۆرەکان، نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری لەدەستدانی قەوارەی ئیداری و سەربەخۆیی ناوچە کوردنشینەکانی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی دوای رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی ئاگربەست لە سووریا.
میدیا ئەڵمانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کوردانی دیاسپۆرا لەم قۆناغەدا مەترسیی زۆریان هەیە کە مافە بەدەستهاتووەکانیان رووبەڕووی پاشەکشە ببێتەوە.
میدیای ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، خۆپیشاندانەکان بە شێوازێکی زۆر ئارام و شارستانی بەڕێوەچوون و هیچ جۆرە پشێوییەک تۆمار نەکرا، هەرچەندە بەهۆی قەبارەی گەورەی جەماوەرەکەوە، پەککەوتنێکی زۆر لە سیستەمی هاتووچۆی گشتی و شەقامەکانی شاری بۆن و دۆسڵدۆرف دروست بوو.
هەواڵی میدیاکانی ئەڵمانیا ئاشکرایان کردووە، سەدان هێزی پۆلیس بۆ پاراستنی ئەمنییەت، لە شوێنی گردبوونەوەکان جێگیر کرابوون و دەستخۆشییان لە رێکخستنی دیموکراسییانەی چالاکییەکان کرد کە تێیدا تەنیا پەیامی ئاشتی و داواکاریی مافە مەدەنییەکان دەبیسترا.
ئەم جووڵە فراوانەی کوردانی ئەورووپا لە کاتێکدایە کە سووریا بە قۆناغێکی تەمومژاوی و هەستیاردا تێدەپەڕێت،دوای ساڵانێکی درێژ لە شەڕی دژ بە داعش کە تێیدا کوردەکان رۆڵی سەرەکییان گێڕا، ئێستا گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە دیمەشق و رێککەوتنە نوێیەکان لەگەڵ حکوومەتی سووریا، بوونەتە جێی گومان و نیگەرانی بۆ رەوەندی کوردستانی، گردبوونەوەکانی شاری بۆن و شارەکانی تری ئەڵمانیا، پەیامێکی راشکاون بۆ حکوومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا تاوەکو رۆڵێکی کاراتر بگێڕن لە گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد لە هەر جۆرە نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ پاشەڕۆژی سووریا و رێگری بکەن لە هەر ئەگەرێکی دووبارەبوونەوەی زوڵم و چەوساندنەوە لە ناوچەکەدا.