ئیسرائیل گومانی لە ئێران هەیە و هۆشداریش دەداتە ئەمریکا

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل، لە میانی سەردانێکی بۆ واشنتن لەگەڵ دان کین هاوتا ئەمریکییەکەی کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئیسرائیل کۆمەڵێک زانیاری هەواڵگری هەستیاری سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە مووشەکییەکەی پێشکەش بە لایەنی ئەمریکی کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئیسرائیل سێ مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ تاران دیاریکردووە بریتین لە: رێگریکردنی تەواو لە دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی مووشەکی، و کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی تاران بۆ گرووپە بریکارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە لایەکی دیکەوە، تەلئەڤیڤ هۆشدارییەکی سەربازی داوەتە واشنتن و رایگەیاندووە؛ ئەگەر ئامانجی هەر هێرشێکی سەربازی رووخاندنی رژێمی ئێران بێت، ئەوا دەبێت ئەمریکا هێزێکی سەربازی زۆر گەورەتر لەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە، کۆبکاتەوە. هاوکات پێگەی واڵای ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە ئیال زەمیر هۆشداریی توندی داوەتە بەرپرسانی ئەمریکا لە دەرەنجامەکانی هەر دانوستانێک کە تورکیا نێوەندگیری تێدا بکات.

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتیش ئاماژەی بەوە کردووە، سەردانەکەی زامیر گفتوگۆی سەبارەت بە بژاردەی سەربازی لەخۆگرتووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردبوو وەک وەڵامێک بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن رژێمی ئێرانەوە.

لە بەرامبەردا، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هۆشداری توندی دایە ئەمریکا و رایگەیاند: "هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی." خامنەیی جەختیشی کردەوە؛ وڵاتەکەی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام وەڵامێکی توندی بۆ هەر دەستدرێژییەک دەبێت و سیاسەتی هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن"ـی ئەمریکا چیتر گەلی ئێران ناترسێنێت.