لاڤرۆڤ: دەسەڵاتدارانی سووریا وازیان لە پرسی دادگاییکردنی ئەسەد هێناوە
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دۆسییەی دادگاییکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ماوەیەکی زۆرە داخراوە، جەختیشی کردەوە، هاوپەیمانەکانی مۆسکۆ بە تەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانی گەیشتنی ئەسەدن بۆ خاکی رووسیا و ئاگاداری سات بە ساتی ژیانی ئەون.
دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا پرسیاری ئەوەی لێکراوە، ئایا بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا دەگەڕێندرێتەوە وڵاتەکەی، یان دادگایی دەکرێت؟، لاڤرۆڤ گوتویەتی،" ئەم بابەتە دەمێکە کۆتایی پێهاتووە، هاوبەشەکانمان بەتەواوی ئاگادارن کە چۆن هەموو شتێک روویدا و چۆن لە کانوونی یەکەمی 2024دا بەشار ئەسەد و خێزانەکەی گەیشتنە رووسیا".
لە درێژەی قسەکانیدا لاڤرۆڤ ئاماژەیداوە،"بە راستی هەڕەشەی کوشتنی لەسەر بوو، تەنیا لەبەر هۆکاری مرۆیی ئەو دەرفەتەی پێدرا و ئەویش سوودی لێوەرگرت، هەروەک دەشزانن ئەگەر بەدواداچوون بۆ کاروباری ناوخۆیی ئێمە بکەن، بۆتان دەردەکەوێت، بەشار ئەسەد بەهیچ شێوەیەک ئێستا دەست لە کاروباری سووریا وەرنادات".
قسەکانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لە دوای ئەوە دێت، چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆبوەوە.
پوتن بە شەرعی گوتووە: چاودێری هەوڵەکانی شەرع بۆ یەکخستنەوەی سووریا و پشتیوانی هەوڵەکانی حکوومەتی ئێستای سووریا بۆ یەکخستنەوەی خاکەکەی دەکەین.
لەلای خۆیەوە، ئەحمەد شەرع گوتوویەتی: سووریا چەندین ئاستەنگی تێپەڕاندووە، رووسیا پشتگریی یەکگرتوویی خاکی سووریا دەکات، هیوادارین پشتیوانی رووسیا بەردەوام بێت.
ئەمە دووەمین دیداری نێوان شەرع و پوتنە، دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەیان لە تشرینی یەکەمی 2025دا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا رووسیا پرسی رادەستکردنەوە و دادگایی کردنی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووتری سووریای لەگەڵ حکوومەتی ئێستای ئەو وڵاتە یەکلایی نەکردووەتەوە.