دۆکیۆدرامایەک لەسەر ژیانی مەلای گەورە بەرهەمهێنرا
دۆکیۆدرامای "مەلای گەورە" کە باس لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی ئەو کەسایەتییە دەکات و مەهدی حەسەن کاری دەرهێنانی بۆ کردووە بەرهەمهێندرا.
دەرهێنەری کارەکە ئاماژە بەوە دەکات، دۆکیۆدراماکە باس لە قۆناغی منداڵی تاوەکو گەورەبوون و کۆچی دوایی مەلای گەورە دەکات و بڕیارە لە مانگی رەمەزاندا پەخش بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، مەهدی حەسەن دەرهێنەری دۆکیۆدرامای مەلای گەورە، دەربارەی بەرهەمهێنانی کارەکەی بە کوردستان 24ی راگەیاند: "لە دۆکیۆدرامای مەلای گەورەدا، ئێمە چەند گفتوگۆیەکمان کردووە، پاشان ژیانی مەلای گەورە جارێکی دیکە وێنە دەگیرێتەوە؛ لە قۆناغی منداڵی تا گەورە دەبێت و دەبێتە مەلا و تا مردنیشی، ئەو قۆناغانە هەموو لەو دۆکیۆدرامایەدا باسمان لێوە کردووە."
مەهدی حەسەن دەڵێت: "مەلای گەورە لە ژیانی خۆیدا بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، کاتێک دەبێتە مامۆستا، لەگەڵ عوسمانییەکان و ئینگلیزەکان پەیوەندییەکی زۆر باشی هەبووە و هەمووشی هەر لە بەرژەوەندیی کورد قسەی کردووە. ئێمە ئەوە پیشان دەدەین کە ئینگلیزەکان دەچنە لای مەلای گەورە و پێی دەڵێن، هەوڵ بدە لەگەڵ شێخ مەحموود قسە بکە بۆ ئەوەی ببێتە لایەنگری ئێمە، ئەویش پێیان دەڵێت گەر ئێوە شتێکتان بۆ کورد بکردایە بە دڵنیاییەوە شێخ مەحموود لەگەڵتان دەبوو."
دەرهێنەری کارەکە ئاماژەی بەوەش دا: "مەلای گەورە دەچێتە لای عوسمانییەکان و داوایان لێدەکات لە کۆیە قوتابخانە بکرێتەوە، هەر بۆیە قوتابخانەیەک لە کۆیە دەکرێتەوە و یەکەم کەسیشە کە کچی خۆی دەنێرێتە قوتابخانەیەک کە سەرجەمیان کوڕن، ئەوەش دادپەروەری و یەکسانی لای مەلای گەورە پیشان دەدات."
دەربارەی یەکسانیی ئافرەت لای مەلای گەورە، مەهدی حەسەن دەڵێت: "یەکێک لە خاڵەکانی دیکەی یەکسانیی ئافرەت لای مەلای گەورە ئەوەیە، کە کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان، ئافرەتێک لە دەرگەی ماڵی مەلای گەورە دەدات و دەڵێت من مانگم بینیوە و بەیانی دەبێتە جەژن، مەلای گەورەش پێی دەڵێت تۆ مانگت بینیوە دەبێتە جەژن؛ لە کاتێکدا لە ئایینی ئیسلامدا دوو ئافرەت بە شایەتێک هەژمار دەکرێت، بەڵام لای مەلای گەورە یەک ئافرەتە، ئەوەش دادپەروەریی مەلای گەورە پیشان دەدات."
مەهدی حەسەن باس لە پێکەوەژیانیش دەکات و دەڵێت: "خاڵێکی دیکەی مەلای گەورە بریتییە لە پێکەوەژیان، کە هەمیشە لای ئەو، مەسیحییەکانی هەرمۆتە و جولەکەکانی ئەو سەردەمەی کۆیە، وەک کەسەکانی دیکە رێزیان لێگیراوە؛ بۆیە کاتێک دێنە دیوەخان، مەلای گەورە رێزیان لێ دەگرێت و لای خۆی دایان دەنیشێنێت."
دۆکیۆدرامای "مەلای گەورە" کە کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە لە مانگی رەمەزاندا نمایش بکرێت.
