سەرۆک بارزانی: پۆستی سەرۆککمار پشکی کوردە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و پێویستە میکانزمێکی گونجاو ئامادەبکرێت بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە عرفان سدیق باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەکە دا کە ئاندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە دوا پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و پرسی دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراق کرا.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و پێویستە میکانزمێکی گونجاو ئامادەبکرێت بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار و بکرێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق لە دوای هەر هەڵبژاردنێک تووشی گرفت نەبێ.
لە بارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئەم پۆستە پشکی نێوماڵی شیعەیە، ئەوان دەبێت خۆیان ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە.
بارودۆخی سووریا و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە گشتیی تەوەری تری ئەم دیدارە بوون.