دانوستانەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان بەردەوامە

سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دیلەکان و تەواوکردنی پڕۆسەی گۆڕینەوەی دەستگیرکراوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامییان هەیە. 

ئەم هەوڵە دیپلۆماسی و ئەمنییانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە نوێیەدایە کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و یەکخستنەوەی دامەزراوەکان لە نێوان قامشلۆ و دیمەشقدا هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، هەردوولا لە هەوڵێکی چڕدان بۆ ئەوەی پڕۆسەی گۆڕینەوەی ئەو شەڕڤان و سەربازانەی کە لە کاتی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستگیرکراون، بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ بهێنن. 

ئەم هەنگاوە وەک بەشێکی سەرەکی لە پڕۆسەی بنیاتنانی متمانە و زەمینەخۆشکردن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتننامە گشتگیرەکە دەبینرێت.


دۆسیەی دیلەکان و دەستگیرکراوەکانی شەڕ، یەکێک بوو لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم جێگیربوونی ئاگربەست دوای ئەو پێکدادانە توندانەی کە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا ڕوویاندا، دوای راگەیاندنی ڕێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، کە تێیدا بڕیار لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەناو وەزارەتی بەرگری و گەڕانەوەی هێزە ئەمنییەکانی دیمەشق بۆ ناو شارەکان درا، یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی دەستگیرکراوەکان بووە ئەولەویەتێکی باڵا تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە گرژییەکی نوێ بگرێت و پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی لە سووریادا بەرەو پێشەوە ببات.