دهۆك چارەنووسی پێكانەكەی هاروون ئەحمەدی یەكلایی كردەوە

دەستپێكی یاریی زەورا و دهۆك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق
دەستپێكی یاریی زەورا و دهۆك لە خولی ئەستێرەكانی عێراق

یانەی دهۆك لە بەیاننامەیەكدا هەواڵێكی خۆی بۆ هاندەرانی راگەیاند و موژدەی بە هەڵۆیەكان دا لە ماوەی دوو تا سێ رۆژی داهاتوو هاروون ئەحمەد ناوەڕاستکاری یانەكە دەگەڕێتەوە راهێنانەكان.
هاروون ئەحمەد ناوەڕاستکاری یانەی دهۆک، لە یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر قاسم لە گەڕی شازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەر لە نیوەی یەکەم بەهۆی پێکان یاریگای جێهێشت، سەرەتا پێشبینی دەکرا ئەو یاریزانە ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، بەڵام یانەی دهۆک بڵاویکردەوە پاش ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکیەکان، دەرکەوت پێکانەکەی هاروون قورس نییە و تەنها دوو بۆ سێ رۆژ دادەبڕێت و پاشان دەست بە راهێنانەکانی دەکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، دەستەی پزیشكی یانەی دهۆك پێشنیاز بۆ راهێنەری یانەكەیان دەكەن لەپێناو ئەوەی مەترسی نەخرێتە سەر یاریزانەكە بۆ یاریی داهاتوویان بەرامبەر كارەبا پشوو بە هاروون ئەحمەد بدەن كە بڕیارە یارییەكە رۆژی هەینی داهاتوو لە بەغدا بەڕێوە بچێت.
هاروون ئەحمەد ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی دهۆک توانیویەتی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و دەنگۆیەکەیش هەیە، بۆ یاریی داهاتووی عێراق لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت.