وەزارەتی دارایی بۆ ناردنی 120 ملیار دینارەکە چاوەڕێی بڕیاری بەغدایە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی هەنگاوێکی بەغدایە بۆ ئەوەی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆی بۆ بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا ئەو هەنگاوەی نەناوە.

مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە، هەندێک میدیا، لایەن و پەرلەمانتار هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە؛ تاوەکو ئێستا هەرێم 120 ملیارەکەی بۆ بەغدا نەناردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوە رەت دەکاتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، دەبێت لە بەغداوە بڕیاری خەرجکردنی مووچەی هەرێم بدرێت پاشان 120 ملیارەکە لە هەرێمەوە بۆ بەغدا بنێردرێت، واتە مەرجی ناردنی ئەو بڕەی داهاتی ناوخۆ ئەوەیە؛ پێشوەختە بڕیاری خەرجکردنی مووچە درابێت.

تاوەکو ئێستا بەغدا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی یەکی بۆ هەرێم نەداوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە لەسەرەتای مانگی دووداین و دەبوو پێشتر مووچە نێردرابا، بەڵام لە عێراق بە گشتی کێشە لە دابەشکردنی مووچەدا هەیە و تاوەکو ئێستا چەند توێژێک مووچەیان وەرنەگرتووە.

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند؛ بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە، ئەگەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێت، ئەوا راستەوخۆ لە رۆژانی داهاتوودا 120 ملیارەکە بۆ بەغدا دەنێردرێت و دواتر پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.