كچێكی كورد خەڵاتی باشترین گەنجی وەرزشكاری نەرویجی وەرگرت
بووە یەكەمین كەس لە مێژوو ئەم خەڵاتە وەربگرێت
لەنیا، كچێكی كوردە، لە خانەوادەیەكی وەرزشی لە وڵاتی نەرویج لە دایكبووە و باوكی پێشتر یاریزانی یانەی هەولێر بووە، بەهۆی ئەوەی داهێنان و كارەكانی لە بواری وەرزش گەورەترە لە تەمەنی خۆی، بۆیە بە باشترین گەنجی وەرزشی 2026ـی نەرویج دیاریكرا.
لەنیا، تەمەنی 18 ساڵە، كچی قەیس نەجمەدینە، باوكی پێشتر یاریزانی یانەی هەولێر بووە، ئێستا ئەم كچ و باوكە لە وڵاتی نەرویج لە بواری راهێنەرایەتی كار دەكەن و بڕوانامەی نێودەوڵەتیان لە یوێفا هەیە.
لەنیا بچووكترین خانمە راهێنەرە لەسەر ئاستی نەورویج، خاوەنی بڕوانامەی راهێنەرایەتی Bـی ئەورووپایە، ئێستا راهێنەری تیپی خانمانی یانەی لانگ هۆسی نەرویجییە.
لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساڵانە بۆ باشترین وەرزشكارانی ساڵ، لەنیا خەڵاتی باشترین گەنجی وەرزشكاری نەرویجی بۆ ساڵی 2026 وەرگرت.
لەنیا دەبێتە یەكەمین كەس ئەم خەڵاتە لە دەستپێكی ساڵ وەردەگرێت، بەوپێیەی پێشتر خەڵاتەكان لە كۆتایی ساڵ دەبەخشران، بەڵام لە نەرویج بۆ یەكەمجار بڕیاردرا خەڵاتەكان لە دەستپێكی ساڵ ببەخشرێن و لەنیا بووە یەكەمین كەس لە سەرەتای ساڵی 2026 خەڵاتەكەی وەرگرت.
وتەبێژی یەكێتییە وەرزشییەكانی نەرویج: لەنیا تووشی شۆكی كردین
ئانێ لیندبۆ وتەبێژی یەكێتییە وەرزشییەكانی نەرویج لە دەستپێكی ڕیورەسمی بەخشینی خەڵاتەكان، رایگەیاند ئەوان بە شانازییەوە وەكو وەرزشی نەرویج، ساڵانە رێزلێنان بۆ كەسێكی گەنجی وەرزشكار ساز دەكەن كە كاری گەورەتریان لە تەمەنی خۆیان كردووە، لەمبارەیەوە دەڵێت: یەكێك لەو كەسانەی خەڵاتی ئەمساڵ دەباتەوە كچێكە كە ناوی لەنیایە، بەراستی تووشی شۆك بووین، كاتێك لە تەمەنی 13 ساڵی دا بڕوانامەی Cـی راهێنەرایەتی بەدەستهێنا و خزمەتێكی گەورەی بە منداڵانی نەرویج كرد.
ئانێ لیندبۆ، لە هەمان كاتدا سەرۆكی شارەوانی ئۆسڵۆیە، لەبارەی لەنیا دەشڵێت: لە 2015 لەنیا بووە بچووكترین كچە راهێنەری نەرویج كە توانی بڕوانامەی Bـی راهێنەرایەتی بەدەستبهێنێت، دڵخۆشین ئێستا لەنیا وەكو گەنجێك دەتوانێت بڕوانامەی Cـی راهێنەرایەتی بەو كەسانە ببەخشێت كە دەیانەوێت ببنە راهێنەر، بۆیە بە شانازییەوە لەنیامان هەڵبژارد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین كچە داهێنەر و وەرزشكاری ساڵی 2026.
لەنیا: خەڵاتەكە پێشكەشی كچە و ژن و ماندووەكانی وڵاتەكەم دەكەم
لەنیا قەیس، لە دەستپێكی رێوڕەسمەكە رایگەیاند بەختێكی باشی هەیە كە لە وڵاتێكی ئارام و سەلامەت لە دایكبووە، دەشڵێت: من لێرە پێگەیشتوومە، خۆشبەختانە باوك و دایكێكی گەورە پاڵپشتیم دەكەن، بۆیەش بە جلوبەرگی كوردی هاتوومەتە ئێرە، حەزم كرد بزانن ئەو خۆشی و سەلامەتییەی لێرە تێیدام بەرهەمی ئەو ناخۆشی و هیلاكی و خەباتەی كچان و ژنانی وڵاتەكەمە، بۆیە دەبێت بە دڵێكی فراوان لێم وەربگرن كە بە جلوبەرگی كوردی هاتووم، ناتوانم بە هیچ شێوەیەك كڵتور و ڕەسەنایەتی نیشتیمانەكەم لەبیر بكەم، بژی كوردستان.