سەرۆكی یانەیەك: ئامادەكارییەكانمان بۆ گەڕانەوەی مێسی دەستپێكردووە

لیۆنێل مێسی لەگەڵ ئانتۆنێلای هاوسەری
لیۆنێل مێسی لەگەڵ ئانتۆنێلای هاوسەری

جارێکی دیکە دەنگۆی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی خاوەنی هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆر، بۆ خولی وڵاتەکەی دەبێتەوە باسی گەرمی میدیاکانی جیهان و ئەمجارەیان، جێگری سەرۆکی یانەی نیوز ئۆڵد بۆیز باس لە پرۆژەی گەڕاندنەوەی مێسی بۆ یانەکەیان دەکات.
لیۆنێل مێسی، پێشتر لە تەمەنی نێوان 6 بــۆ 13 ساڵی لە تیپەکانی نیوز ئۆڵد بۆیز یاری کردووە، لە ساڵی 2000 لە تەمەنی سێزدە ساڵی وڵاتەکەی بەرەو ئیسپانیا جێهێشت و پەیوەندی بە ئەکادیمیای یانەی بارسێلۆنا کرد.
مێسی لە وڵاتەکەی هەرگیز نەیتوانی یاری بۆ تیپی یەکەمی نیوز ئۆلد بۆیز بکات، بەڵام لەگەڵ تیپەکانی دیکەی ئەو یانەیە بەشداری زۆر یاری کرد و توانی 234 گۆڵ تۆمار بکات، ئێستاش هاندەرانی ئەو یانەیە شانازی بەو یاریزانە دەکەن.
لیۆ ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا کۆتایی دێت، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە هەن، ئەستەمە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و دوو بژاردەشی لەبەردەمە، گەڕانەوە بۆ خولی وڵاتەکەی و یاخود وازهێنان لە یاریکردن.
خوان مانوێل مێدینا جێگری سەرۆکی یانەی نیوز ئۆلد بۆیزی ئەرجەنتینی، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئێن تی وڵاتەکەی باس لە پرۆژەی گەڕاندنەوەی مێسی لە ساڵی 2027 دەکات و دەڵێت، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین، هاوینی ساڵی داهاتوو مێسی رازی بکەین بگەڕێتەوە و پەیوندی بە یانەکەمانەوە بکات.
جێگرەکەی سەرۆکی یانەی نیوز ئۆلد بۆیزی ئەرجەنتینی لە بەردەوامی قسەکانیدا دەشڵیت: هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە و ئەوان کار لەسەر پرۆژەکە دەکەن، ئەو پرۆژەیەش لەوەتەی ساڵی 2024ـە کاری لەسەر دەکەن.