نەتەوە یەکگرتووەکان: مەترسییەکانی داعش زیادیان کردووە
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: مەترسییەکانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2025ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و شێوازێکی ئاڵۆزتری وەرگرتووە.
پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، ئەلێکساندەر زۆیڤ، جێگری بەوەکالەتی سکرتێری گشتیی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە راپۆرتێکدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کرد، رێکخراوی داعش و لقەکانی بەردەوامن لە فراوانکردنی مەودای ئامادەیی خۆیان لە رۆژئاوای ئەفریقا و ناوچە کەناراوییەکان، هاوکات بەردەوامن لە پەلامار و هێرشکردن لە عێراق و سووریا.
زۆیڤ گوتویەتی "لە ئەفغانستان، هێشتا رێکخراوی داعش لە ویلایەتی خۆراسان یەکێکە لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش."
جێگری بەوەکالەتی سکرتێری گشتیی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو هێرشە چەکدارییەی لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو لە کەناراوی "بۆندای" لە سیدنیی ئوسترالیا رووی دا و بووە هۆی کوژرانی 15 کەس، لە ئایدۆلۆژیای رێکخراوی داعشەوە سەرچاوەی گرتبوو."
هۆشداریشی دا کە رێکخراوەکە و لقەکانی بەردەوامن لە خۆگونجاندن و نیشاندانی نەرمی بەرامبەر بارودۆخەکان، سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
داعش شێوازەکانی خۆی نوێ کردووەتەوە
لە لایەکی دیکەوە، ناتالیا گیرمان، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکاری لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە، رێکخراوی داعش شێوازەکانی کارکردنی خۆی نوێ کردووەتەوە.
گیرمان، ئاماژەی بەوەش کردووە "رێکخراوەکە و گروپەکانی دیکە، مەودای بەدەستهێنانی سەرمایەیان لە رێگەی سوودوەرگرتن لە مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان (کریپتۆ) فراوانتر کردووە، لەگەڵ ئامرازەکانی ئینتەرنێت، سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرنامە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکرد کە هۆکارێکی گەورەن بۆ دووبارە هەڵسانەوە و بنیادنانەوەی ئۆرگانەکانی ئەو رێکخراوە."
ئەو، هەروا گوتی: ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی فراوان بۆ پەرەپێدانی توندڕەوی و راکێشانی خەڵک بۆ ناو گروپە تیرۆریستییەکان بەکار دەهێنرێت، کە تێیدا گەنجان و منداڵان بە شێوەیەکی مەبەستدار ئاراستە دەکرێن.