ئاری ئاغۆک کتێبی 'لە خەونەکانی دایکمەوە تا ئاوابوونی باوکم'ی بڵاو کردەوە
ئاری ئاغۆک، نووسەر و هونەرمەند، نوێترین کتێبی خۆی بە ناونیشانی 'لە خەونەکانی دایکمەوە تا ئاوابوونی باوکم' کە لەلایەن چاپخانەی چوارچرا لە سلێمانی چاپ کراوە، بڵاو کردەوە.
پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، ئاری ئاغۆک، نووسەر و هونەرمەند بە کوردستان 24ـی گوت: کتێبەکەم باس لە کۆکراوەی بەرهەمەکانم دەکات، کە بریتین لە 50 کتێب. یەکەم کتێبم، بەرهەمێکی ئەدەبی بوو بەناوی 'خەونەکانی من و دایکم' بوو کە ساڵی 2002 بە چاپم گەیاند، دواتریش چەند کتێبێکی ترم چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
ئاغۆک، گوتیشی: ئەو نووسەرانەی خوێندنەوەی ئەرێیی یان نەرێییان لەسەر بەرهەمەکەی من کردووە، من وەکوو خۆی لەناو کتێبەکە بڵاوم کردووەتەوە و ئاماژەم بە سەرچاوەی گۆڤار و ڕۆژنامەکە کردووە کە تێیدا بڵاویان کردۆتەوە، هەروەها ئەو چاوپێکەوتنە ئەدەبیانەی دەربارەی ئەو کتێبەم کراوە کە بە درێژایی 24 ساڵی رابردوو بەچاپم گەیاندووە و ئاماژەم پێ کردووە، یاخود ئەو چاوپێکەوتنانەی دەربارەی ئەو کتێبە لەگەڵم کراوە هەمووم خستۆتەڕوو.
ئاری ئاغۆک گوتیشی: دوایین کتێبم بەناوی 'باوکم لەگەڵ دوا تیشکی مەغریب ئاوا بوو' کە لە ساڵی 2025، بە چاپم گەیاند. ناوەڕۆکی کتێبەکانیشم تەنیا یەک لایەن نییە، دوو کتێبی سەرەتام دەقێکی شیعری بوو، کتێبی سێیەم لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی بوو، هەروەها باس لە بواری مێژوویی و پەروەردەیی و ژینگە و دەروونزانی و کۆمەڵایەتی دەکات.
ئاری ئاغۆک، نووسەر و هونەرمەند، ساڵی 1979 لە شاری هەولێر لەدایک بووە، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانە، ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد و ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانە، خاوەنی 57 کتێبی چاپ کراوە لە بواری ئەدەب و هونەر و کولتوور و ڕۆشنبیری، چەند بەرهەمێکی تریشی ئامادەیە بۆ چاپ.