مەزڵووم عەبدی و ژان نوێل بارۆ لە هەولێر کۆبوونەوە

مەزڵووم عەبدی و ژان نوێل بارۆ
مەزڵووم عەبدی و ژان نوێل بارۆ

پێنجشەممە 5ی شوباتی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر کۆبوونەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا، پاشەڕۆژی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و پاراستنی مافەکانی کورد تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە هەریەکە لە رۆهڵات عەفرینی، فەرماندەی هێزەکانی یەپەژە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئامادەی بوون، چەند پرسێکی تایبەت بە ئاسایشی ناوچەکە و رۆژئاوای کوردستان و سووریا خرانە بەرباس و گفتوگۆ. 

مەزڵووم عەبدی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وردەکارییەکانی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی رابردووی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشقیان تاوتوێ کردووە.

هەروەها باس لە چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و میکانیزمی پاراستنی خێزان و چەکدارە دەستگیرکراوەکانی ئەو ڕێکخراوە کرا.

 تەوەری وەرچەرخانی گفتوگۆکان پەیوەست بوو بە تێکەڵبوونی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و چەسپاندنی مافە رەواکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا، لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەسەدە و سووریا کردەوە و پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ کورد لەم قۆناغەدا دەربڕی.

سەردانی ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر لە چوارچێوەی گەشتێکی فەرمیدا دێت کە تێیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەو دیدارەدا هەردوولا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا جەختیان لە بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەولێر و پاریس کردەوە، فەرەنسا وەک یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی کورد لە ناوچەکەدا، هەمیشە رۆڵی هەبووە لە نێوەندگیری و پشتگیریکردنی سەقامگیریی سیاسی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم کۆبوونەوەیەش بە هەنگاوێکی نوێ بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دادەنرێت.