ناوەرۆكی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
پێشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 6ی شوباتی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كرد.
سڵاوی سەرۆکی فەرەنسا بۆ سەرۆک بارزانی
لە دیدارەكەدا كە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و یان برێم كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەرۆك بارزانی راگەیاند: سەرۆك ماكرۆن سڵاوی تایبەتی هەبووە و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتی دوولایەنە و پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان كردووەتەوە.
چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەكانی ناوچەكە
هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی بە ئامانجی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی سیاسیی ناوچەكە و راوێژ لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەكانی ناوچەكە.
رۆڵی سەرۆک بارزانی و ماکرۆن
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆك ماكرۆن و سەرۆك بارزانی دا لە هاندانی لایەنەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە سووریا و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند.
پێزانینی فەرەنسا بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی
پێزانینیشی بۆ رۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی هەبوو لە چارەسەركردنی كێشەكان لە عێراق و ناوچەكەدا، هەروەها رۆشنایی خستەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی فەرەنسا و گەلی كوردستان و نامەیەكی بارزانی نەمریشی پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد كە لە ساڵی 1967 لە لایەن بارزانی نەمرەوە بۆ ژەنەڕاڵ دیگۆل سەرۆكی فەرەنسا نێردرابوو و لە ئەرشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هەڵگیرابوو و، سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی فەرەنسای كرد و ئەو نامەیەی بە بەڵگەیەكی پڕبەها وەسفكرد كە سەلمێنەری پەیوەندی و دۆستایەتی لەمێژینەی گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسایە.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێم ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، خوازیاری ئەوەن سەرجەم كێشە و گرفتەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێگەی ئاشتیانە بگاتە چارەسەر و ناوچەكە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت.
سەرۆک بارزانی: پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بە رێگەی دیالۆگ بگاتە ئەنجام
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دا و هیوای خواست كە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بە رێگەی دیالۆگ بگاتە ئەنجام و هەمیشە پشتیوانی ئەو پرۆسەیە بوونە.
سەبارەت بە رۆژئاوا، سەرۆك بارزانی هێمای بەوە دا كە هەموو هەوڵی خۆی بەكار هێنا بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لەوەی ناكۆكی سیاسی بكرێتە شەڕی نەتەوەیی نێوان كورد و عەرەب، هەروەها رێگری لەوە بكرێت كە پاكتاوی رەگەزی لەدژی گەلی كورد لە سووریا روو بدات.
سەرۆک بارزانی: پشتگیری لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە دەكەین
سەرۆک بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە، پشتگیری لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە دەكەین و هیوای خواست كە ئەو رێككەوتنە ببێتە بنەمایەك بۆ سەقامگیری و چارەسەری كێشەكان لەو قۆناغە.
مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش
لەبارەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش لەئارادایە و پێویستە میكانیزمێكی گونجاو و هەماهەنگیی لەنێوان لایەنەكان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر و داعش.
فەرەنسا پاڵپشتیکاری کورد
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی سوپاسی فەرەنسای كرد كە هەردەم لە كاتە سەختەكاندا پاڵپشتی گەلی كوردستان بووە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: وڵاتەکەم سۆزی تایبەتی بۆ دۆزی کورد هەیە
وەزیری دەرەوەی فەرەنساش جەختی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی هەمیشە سۆزێكی تایبەتی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەبووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتی ئەوەیە گەلی كوردستان بە رێگەی ئاشتیانە بە مافەكانی خۆی شاد ببێت و هەروەها وڵاتەكەی لەگەڵ پاراستنی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دایە.