وەزیری دەرەوەی عومان: گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئێران جددی و بەسوود بوون
وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، گفتوگۆکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئێران جددی و بەسوود بوون و یارمەتیدەر بوون بۆ تێگەیشتن لە نیازی یەکتری و ئەنجامەکانیش دەبرێنەوە تاران و واشنتن بۆ تاوتوێکردنی ورد.
هەینی 6ـی شوباتی 2026، بەدر حەمەد ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، وردەکاریی کۆتاییهاتنی گەڕی ئەمڕۆی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی لە مەسقەت ئاشکرا کرد.
وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، گفتوگۆ نێوەندگیرییەکانی ئەمڕۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر جددی بوون.
ئەلبوسەعیدی ئاماژەی بەوەش داوە: "گفتوگۆکان بەسوود بوون بۆ روونکردنەوەی شێوازی بیرکردنەوەی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی، هەروەها دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی کە دەکرێت پێشکەوتنیان تێدا بەدەست بێت."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، وەزیری دەرەوەی عومان دەڵێت: ئامانجمان ئەوەیە لە کاتێکی گونجاودا جارێکی دیکە کۆبینەوە، ئەنجامەکانی ئەمڕۆش لە تاران و واشنتن بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.
هەروەها عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوای تەواوبوونی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئەمڕۆ چەند گەڕێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوو، لە گەیاندنی پەیامەکاندا چەند خاڵێکی نیگەرانیی ئێمە لە دوای ئەو هەموو ماوەیە گەیەندران.
باسی لەوە کرد، لە کەشێک زۆر باشدا باس لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە کرا، هەروەها گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیریی عومان، دوای بەڕێوەچوونی دوو گەڕ کۆتاییهات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.