لەبارەی رێوڕەسمی شەوی سەری ساڵ لە ھەولێر روونكردنەوە دەدرێت
حكومەت ھیچ رێوڕەسم و ئاھەنگێك ناگێڕێت و رێگری لە كۆبوونەوەی فراوان دەكرێت
K24 – ھەولێر
پارێزگاری ھەولێر بە وەكالەت ئاشكرای دەكات، حكومەت بۆ سەری ساڵ ھیچ بەرنامەیەكی بۆ رێوڕەسم و ئاھەنگ گێڕان نییە، لە كافتریا و شوێنە گشتییەكانیش رێگە بە كۆبوونەوەی فراوان نادرێت.
ھێمن قادر، پارێزگاری ھەولێر بە وەكالەت بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە چەند رۆژی داھاتوودا كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پارێزگای ھەولێر دەكرێت و تاوتوێی رێكارەكان دەكەین بۆ سەری ساڵ".
گوتیشی: "بۆ سەری ساڵ قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەولێر راناگەیەندرێت".
پارێزگاری ھەولێر بە وەكالەت، راشیگەیاند: "وەك حكومەت ھیچ جۆرە چالاكییەك بەھۆی سەری ساڵ ئەنجام نادەین، لە كافتریا و شوێنە گشتییەكان ئەگەر قەرەباڵغی زۆر دروست نەكرێت كە مەترسی بێت بۆ سەر تەندروستی ھاووڵاتییان ئاساییە و رێگری لێ ناكرێت، بەڵام بەپێی رێنماییەكان رێگە بە كۆبوونەوەی فراوان نادەین و كاتی كردنەوە و داخستنی كافتریا و شوێنەكانی دیكەش دیاریكراوە".
جەختیكردەوە: "پێویستە ھاووڵاتییان بە ماسكەوە بچنە شوێنە گشتییەكان و خۆیان لە قەرەباڵغی بپارێزن، چونكە ھێشتا كۆرۆنا مەترسییە بۆ سەر گیانی ھەمووان".