بەبۆنەی گەڕانەوەی شاندی کوردستان.. ئەرێ بەغدا ناوەندە؟

Kurd24

گەڕانەوەی کاک قوباد تاڵەبانی و هاوڕێیانی لە بەغدا، لەوە دەچێ تەنها لە یەک خاڵدا گەیشتبنە رێكکەوتن، ئەویش ئەو خاڵەیە کە بەغدا ئارەزوویەتی بە دیاریکردنی بەشە پارەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، کە وەک چەند ساڵی رابردوو پێشبینی دەکرێ هیچی لێ جێبەجێ نەکرێ، نەک لەبەر ئەوەی کاک قوباد و هاوڕێیانی رژد نەبوون و بڕیار بەدەست نەبوون و نەیانویست بگەنە رێکكەوتن، بەڵکو ئەو عەقڵیەتە شۆڤینیەی دەستی بە بەسەر بڕیاری سیاسی و دەوڵەتی داگرتووە، رێگرە لە هەر جۆرە رێکكەوتنێک، چونکە ئەوان تەنها بە یەک شت لەگەڵ کوردستان رێکدەکەون، کە دەستبەرداری هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی بێ.

ئەو جارەش و هەموو جاران کە باسی هەولێر و بەغدا یان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێ، ژمارەیەک لە کورد لە جیاتی نووسینی حکومەتی عێراق یان بەغدا، دەنووسن و دەڵێن حکومەتی ناوەندی، کە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەوڵەتێکی فیدرالیە نەک ناوەندی، جگە لەوەش خەڵکی کوردستان سەت ساڵە خەبات دەکا بۆ ئەوەی بەغدا ناوەندی نەبێ و کوردستان ناوەندی خۆی هەبێ، چونکە مافێکی سادە و ئاسایی نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵکەکەیەتی.

باشە بۆ ئەو ناوهێنانە بەو شێوەیە دووبارە دەکرێتەوە، عەرەب کاتێک دەستەواژەی حکومەتی ناوەندی بەکاردێنن ئەوە گوزارشت لەو پەروەردە رەگەزپەرستی و شۆڤینە دەکەن کە پێی پەروەردە کراون و مەبەستیانە کە نیشانی بدەن کە سیستەمی فیدرالی تەنها حوبری سەر کاغەزە، بەڵام کورد بۆ ئەوە دەکەن؟ بە بۆچوونی من دوو جۆر کورد ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنن، یەکەمیان ئەو کوردانەی خۆیان رادەستی عەرەب کردووە و بوونەتە بەشێک لەو هەوڵانەی کە دەیانەوێ قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان لاواز بکەن یان لەناو ببەن، دووەمیان ئەو ژمارەیەی کوردی بەناو سیاسی و پەرلەمانتاران کە بە نەزانی و بێئاگایی ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنن کە تەنیا مانا و لێکدانەوە کە هەڵبگرێ بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە خۆ رادەستکردنە بە عەقڵیەتی شۆڤینی عەرەب و قه‌بوڵکردنی ناوەندیەتی بەغدایە.