قەتەر و میسر پێشوازی لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران دەکەن
میسر و قەتەر لە دوو راگەیەندراوی جیادا پشتیوانیی خۆیان بۆ دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە عومان دەربڕی و ستایشی رۆڵی مەسقەتیان کرد. لەو کۆبوونەوانەدا وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەتەوە.
شەممە، 7ـی شوباتی 2026، وەزارەتەکانی دەرەوەی قەتەر و میسر لە دوو راگەیەندراوی جیادا پێشوازییان لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و سوپاسی وڵاتی عومانیان کرد بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان.
وەزارەتی دەرەوەی میسر پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان راگەیاند و جەختی کردەوە کە تەنیا رێگەچارەی دیپلۆماسی دەتوانێت پرسی ئەتۆمی چارەسەر بکات. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەمان هەڵوێستی دووپات کردەوە و هیوای خواست گفتوگۆکان ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت و بگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و مووشەکی بە نێوەندگیریی عومان، دوای بەڕێوەچوونی دوو گەڕ کۆتاییهات و ئەگەری هەیە شاندی دانوستانکاران بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
هەروەها عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دوای تەواوبوونی گەڕی دووەمی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی گوتی: چەند گەڕێکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە چوو، لە گەیاندنی پەیامەکاندا چەند خاڵێکی نیگەرانیی ئێمە لە دوای ئەو هەموو ماوەیە گەیەندران.
باسی لەوە کردبوو، لە کەشێک زۆر باشدا باس لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە کرا، هەروەها گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.