سوودان.. بە هۆی هێرشێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا 24 کەس کوژران
تۆڕی پزیشکانی سوودان، رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی پشتگیری خێرا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی ئاوارە مەدەنییەکان لە ناوچەی "دبیکەر" لە ویلایەتی باکووری کوردوفان، 24 کەس کوژران کە لە نێویاندا 8 منداڵ و چەندین ژن هەن، جگە لە برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتییان.
شەممە 7ـی شوباتی 2026، حکوومەتی ویلایەتی باکووری کوردوفان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند: "هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە و ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج کە ئاوارەکانی لە ناوچەی دبیکەری باشووری کوردوفانەوە بەرەو شاری ڕەهەد دەگواستەوە".
لەمبارەیەوە، حکوومەت و لیژنەی ئەمنی ویلایەتەکە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشەیان کرد و بە "تاوانێکی تیرۆریستیی سامناک" وەسفیان کرد.
لە بەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە کە ئەم کارە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەکانی جنێفە کە پاراستنی مەدەنییەکان و قەدەغەکردنی بە ئامانجگرتنیان دەسەپێنێت.
حکوومەتی ویلایەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم دەستدرێژییە "تاوانێکی جەنگی تەواو"ە دەکرێت وەک "تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی" هەژمار بکرێت، چونکە بەشێکە لە هێرشێکی بەرفراوان و سیستماتیک دژی دانیشتووانی مەدەنی.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەنجوومەنی ئاسایش و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کراوە رێکاری یاسایی بگرنەبەر و سزای توند بەسەر سەرکردە و ئەندامانی هێزەکانی پشتگیری خێرادا بسەپێنن، بۆ ئەوەی گەرەنتی بکرێت کە ئەنجامدەرانی ئەم جۆرە تاوانانە لە سزا رزگاریان نابێت.
سوودان سێ ساڵە لە شەڕێکی خوێناوی ناوخۆدایە، بەهۆی پێکدادانی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دەیان هەزار کەس کوژراون و لانیکەم 11 ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارە بوون، زۆربەیان لە کەمپەکانی پەنابەریدا دەژین کە کەمترین پێداویستی ژیانیان تێدا دەست دەکەوێت.