دیاردەیەکی مەترسیدار بۆ وەرگرتنی مووچە لە عێراق سەرهەڵدەدات
لە عێراق دیاردەیەکی نوێ و مەترسیدار لەنێوان هاوسەران سەریهەڵداوە؛ ژمارەیەکی زۆری هاوسەران بۆ ئەوەی ناویان لە لیستی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێت، لە دادگاکان بە فەرمی لێک جیادەبنەوە، بەڵام لەراستیدا لە یەک ماڵدا و پێکەوە دەژین. ئەم کارە جگە لەوەی فێڵێکی یاساییە، مەترسییەکی گەورەش لەسەر نەوەکانی داهاتوو دروست دەکات.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ئاشکرای کردووە کە تا ئێستا 19هەزار ئافرەت دەستنیشان کراون کە بە شێوەی ساختە خۆیان وەک "بێ هاوسەر" تۆمار کردووە، لە کاتێکدا لەگەڵ هاوسەرەکانیان دەژین. گوتەبێژی وەزارەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی رەهای یاسایە و دەستدرێژییە بۆ سەر مافی ئەو کەسانەی بەڕاستی شایستەی هاوکارین.
پسپۆڕانی یاسایی هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە تەنیا فێڵێکی دارایی نییە، بەڵکو لێکەوتەی خەراپی هەیە، بێبەشبوونی منداڵان لە ناسنامە: ئەو منداڵانەی لەمەودوا لەم هاوسەرانە دەبن، ناتوانرێت بە فەرمی تۆمار بکرێن چونکە بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییان نییە.
زیائەدین حوسەین، پارێزەر، ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەم کارە بە "ساختەکاری لە بەڵگەنامە فەرمییەکان" دادەنرێت و بەگوێرەی یاسای سزادان، سزای توندی بۆ دەستنیشان کراوە.
مانگانە ملیاران دینار لە بودجەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ کەسانێک دەچێت کە شایستە نین. ئەمەش وای کردووە هەزاران خێزانی هەژار کە نان نییە بیخۆن، نەتوانن بگەنە ئەو مووچە کەمەی کە وەک خەونێکی لێهاتووە بۆیان.
دیوەکەی تری ئەم کێشەیە، بوونی باند و کەسانێکە کە فێڵ لە ژنانی بێوەژن و هەژار دەکەن. "زەینەب مەندەلاوی" کە ئافرەتێکی جیابووەوەی راستەقینەیە، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی مووچەیەکم بۆ ببڕدرێتەوە، کەسانێک بە ناوی راییکردنی مامەڵە پارەیەکی زۆریان لێ سەندم و پاشان دیار نەمان؛ ئێستا نە پارەکەم ماوە و نە مووچەکەشم بۆ بڕاوەتەوە."
ئەم دیاردەیە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ تێکچوونی شیرازەی خێزان و بەهەدەردانی سامانی گشتیy. وەزارەتی کار جەخت دەکاتەوە؛ لێپێچینەوەکان بەردەوام دەبن و هەر کەسێک بەو شێوەیە مووچە وەربگرێت، رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.